پارتە جەماوەری و گەورەکانی ئەڵمانیا دوو هەفتەی سەختیان بەرێکردووە و دەرئەنجامەکانی زۆر لە کات و ساتەکە قوڵتر و فراوانترن. سەرەتایەکە رەنگە نەخشەی سیاسی لە بنەڕەتدا بگۆڕدرێت و ئەزموونی تاڵی هاوشێوەی گەیشتنی ناشیۆناڵ سۆشیالستەکان دووبارە بکاتەوە، بەڵام چاوی ناوەندە سیاسییەکان لە سەر یەک کەسە، ئەویش راوێژکاری ئەڵمانیا فریدریش مێرتسە.
ئێوارەی یەکشەممە 6-9-2026 ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی زاکسن ئەنهالت لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا AfDی بە براوەی فەرمی و رەوای دەنگدەرەکان راگەیاند. کەسە یەکەمەکەی ئەم پارتە ئولریش زیگمۆندە، گەنجێکی لە دایکبوویی دوای یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا، بەڵام بە بیرکردنەوەی سەردەمی کۆماری دیموکراتی ئەڵمانیا (ئەڵمانیای رۆژهەڵات) بەڕەی بن کورسییەکانی پارتەکەی هێلموت کۆلی یەکەم راوێژکاری دوای یەکگرتنەوەی راکێشا و دەیەوێ ببێتە یەکەم سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمێک لە نێو ئەڵمانیایی ئیتیحادی.
پارتەکەی هێلمۆت کۆل خراپترین ئەنجام لە هەشت خولی پێشووتری پەرلەمانەکەی زاکسن ئەنهالتدا تۆماردەکات. لە خولی یەکەمی ئۆکتۆبەری 1990بە رێژەی 39%پارتی یەکەم بووە. لە دوایین هەڵبژاردنی خوڵی نۆیەم ـی سەرەتایی ئەیلوولی 2026 رێژەی دەنگەکانیان بۆ تەنیا 17.2% دابەزیوە.
لە باکووری رۆژهەڵات پارتەکەی مێرتس لە پەرلەمان دەردەکرێت هەرێمی مەکلنبورگ ڤۆرپۆمەرن دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا و یەکێک لە هەرێمە نوێیەکانی کۆماری ئەڵمانیای ئیتحادی - ئەڵمانیایی یەکگرتووە. ئەم هەرێمە بەشێک بووە لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات. بۆ دوو خولی پەرلەمانە بچووکەکەی یەکەم بووە؛ لە هەڵبژاردنەکانی 1990 و 1993، ئیدی تا دێت دەنگدەرانی لە دەست دەدا و کەمدەبنەوە، تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانی 20ی ئەیلوول 2026 نەیانتوانی بەربەستی 5% لە رێژەی بەشداربووانی هەڵبژاردنەکە تێبپەرێنن و لە دەرەوەی پەرلەمان دەمێنن.
لە بەرلینی پایتەخت هێزی دووەمی ناکاریگەرە ساڵی 1990 تا 2001 حکومەتی هەرێمەکەی پایتەختی ئەڵمانیای یەکگرتوو لە ژێر فەرمانڕەوایەتی کرستیان دیموکراتەکانی یەکگرتوو CDU بووە و دواتر کەوتووەتە دەستی سۆشیال دیموکراتەکان تاکو ساڵی 2023. لەم 22ساڵەدا سۆشیاڵ دیموکراتەکان دوو پیاو و ژنێکیان تاقی کردەوە. یەکەمیان؛ کلاوس ڤۆڤەرایت سەرکەوتوو بوو. پایتەختی بووژاندەوە، بەڵام بەرگەی کۆڕانکارییەکانی دیمۆگرافی نەگرت. دووەمیان، میشائیل مویلەر سەرکەوتوو بوو لە رێکخستنەوەی هەڵە ئابوورییەکانی فەرمانڕەواکەی پێشووتری، بەڵام ئەویش وەڵامی بۆ گرانبوونی ژیان لە بەرلین نەبووە. لەم هەڵبژاردنەی یەکشەممەی رابردوو، پارتی چەپ بە هەرزانکردنی ژیانی رۆژانەی دانیشتووانە زیاتر لە 3 ملیۆن و 700 هەزارەکە توانی ببێتە پارتی یەکەم. خانمێکی تەمەن 45 ساڵی بەپشتبنەمایی تورکیا چانسی پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانی هەیە. پارتەکەی مێرتس دووەمە، بەڵام ناچێتە هاوپەیمانی لەگەڵ چەپەکان، بۆیەش دەبێتە دووەمی ناکاریگەر.
ئەنجامی هەڵبژاردنی سێ هەرێمەکەی دوو هەفتەی ربرادوو بە روونی دیار دەکات کە برینەکانی دوای جەنگی جیهانی دووەم لە ئەڵمانیا سارێژ نەبوونەتەوە و ئەم وڵاتە لە بەردەم دوو پارچەیی کۆمەڵایەتیدایە؛ لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا راسترۆی پەرگیر و دژەبیانی، لە بەرلینیش ناڕوونی لە دروستبوونی ئاراستەی سیاسی ئایندە. تا پێش رووخانی دیواری بەرلین 1989 ئەڵمانیا دوو وڵاتی سەر نەخشەی سیاسی و جیهانی بووەو ئەم جارە دوو کۆمەڵگای نێو یەک وڵات، هێشتا ناتوانن سەما لەبەر ئاوازی یەکگرتنەوە بکەن.
سەردەمی ناشیۆناڵ سۆشیالستەکان دەگەڕێتەوە؟ ژمارەکانی ناوەندەکانی دەنگدان لەم سێ هەرێمە گورزێکی ئەوەندە تووند و بەهێزە، کورسی فریدریش مێرتسی راوێژکاری ئەڵمانیای هەژاندووە و دووریش نییە لە سەر کورسییەکە لایببات. دەنگی ناڕازاییەتیەکان زۆر بەرزە. فریدریش مێرتس دەستبەرداری پۆستەکەی ببێت و ئەڵمانیا بچیتە هەڵبژاردنێکی پێشوەختە، زەنگی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1933 لەم وڵاتە لێدەدات. ئەو کاتە ناشیۆناڵ سۆشیالستەکان بوونە بەهێزترین پارتی وڵاتەکە و لە 30ی کانوونی دووەم ئادۆلف هیتلەر بە راوێژکار دەسنیشانکرا و حوکمی ئەڵمانیای گرتە دەست و ئەوەی کردی هەموومان دەزانین. جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا AfD ناتوانێ هاوشێوەی ناشیۆناڵ سۆشیالستەکان بە زەبری هێز وڵات کۆنترۆڵ بکات، بەڵام ئەو وزە نەژادپەرست و دژەبیانی و تەنانەت دوور لە بنەمای دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە قوڵایی و تاریکی ئەم وڵاتەدا کۆتایی نەهاتووە. ئەم وزە شەڕانگیز و خراپکارییە دەتوانێ کۆمەڵگای ئەڵمانیا لێکبترازێنێ و ئابووریی وڵاتەکە برووخێنێ و کولتوورێکی نامۆیی سیاسیش دووبارە بخوڵقێنێ. کێ ئەمە بۆ ئەڵمانیا دەخوازێ؟!




