Skip to content
krd24.netkrd24.net

تورکیا: کردەوەکانی ئیسرائیل هەڕەشەن بۆ هەموو جیهان

تورکیا: کردەوەکانی ئیسرائیل هەڕەشەن بۆ هەموو جیهان

دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، ئیسرائیل بەردەوامە لەهێرشە سیستماتیکەکانی و هەڵوێستی فراوانخوازییانەی کە ناسەقامگیری لەناوچەکە دا زیاتر دەکات. جەختی کردەوە کە "کردەوەکانی ئیسرائیل نەک تەنیا بۆ ناوچەکە، بەڵکو هەڕەشەن بۆ هەموو جیهان."

زەکی ئاکتورک، لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا رەخنەی تووندی لەسیاسەتەکانی ئیسرائیل گرت و رایگەیاند: "لەهێرشە کوێرانەکانی ئیسرائیل دا بۆ سەر غەززە، ژن و منداڵ بەردەوام گیان لەدەستدەدەن."

ئاکتورک هەروەها ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە "هانی تیرۆری نیشتەجێبووە نایاساییەکان دەدات و بەرێگریکردن لەگەیشتنی سووتەمەنی و کەرەستەی بیناسازی، رێگری لەدابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ فەلەستینییە ئاوارەکان و کارکردنی نەخۆشخانەکان دەکات."

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل بەردەوامە لە"چالاکییە وێرانکارییەکانی"لەباشووری لوبنان و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کردووە، هاوکات هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبووەکانی باشووری سووریاش بەردەوامن.

زەکی ئاکتورک داوای راگرتنی دەستبەجێی ئەو هێرشانەی کرد و گوتی: "ئەم کردەوانەی ئیسرائیل، کە رۆژ بەڕۆژ زیاتر متمانە بەیاسای نێودەوڵەتی لەبەرچاوی رای گشتی تێکدەدەن، نەک تەنیا بۆ ناوچەکە، بەڵکو هەڕەشەن بۆ هەموو جیهان. جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە کە پێویستە ئیسرائیل دەستبەجێ کۆتایی بەم کردەوانەی بهێنێت کە یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکەن."

Source: krd24.net — Via: Rudaw

Related news