دیجیتاڵ
هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە ئەنقەرە لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوە عەلەوییەکان کۆبوونەوە؛ تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتەکە رایگەیاند، ئامانجیان بەیاساییکردنی هەموو پێکهاتەکانە و گوتیشی، رەزامەندی نادەن بە پرۆسەیەک کە عەلەوییەکانی تێدا نەبێت.
باکرهان گوتی، "ئامانجمان ئەوەیە هەموو باوەڕ و ناسنامەیەک بکەینە بابەتی یاسا. تەنیا رەزامەندی بە یاسایەک دەدەین کە عەلەوییەکان تێیدا هەست بکەن هاووڵاتیی یەکسانن، بۆیە دەمەوێت بە روونی بڵێم: وەک دەم پارتی، رەزامەندی نادەین بە هیچ پرۆسەیەک کە عەلەوییەکانی تێدا نەبێت."
مێژووی هاوبەشی کورد و عەلەوییەکان هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک ناوەند هەوڵدەدەن ناکۆکی بخەنە نێوان عەلەوییەکان و پارتەکەیان و گوتی، "ئازارەکانی رابردوو لەبیر ناکەین کە تێیدا عەلەوی و کورد کۆمەڵکوژ و تواندنەوە، بەڵام نابێت چارەنووسی داهاتوومان بە ئازاری رابردوو سنووردار بکرێت، بەڵکو دەبێت ئەم پرۆسەیە وەک دەرفەتێک بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتییانە ببەسترێتەوە."
ئەم دیدارەی دەم پارتی لەگەڵ نوێنەرانی عەلەوییەکان لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا بەشێک لە لێدوانەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لەنێو کۆمەڵگەی عەلەویدا بە هەڵە لێکدرایەوە و نیگەرانیی بەشێک لە چالاکڤانانی ئەو پێکهاتەیەی لێکەوتەوە.




