Skip to content
krd24.netkrd24.net

لە پشووی هاوینی ئەم ساڵدا 33 کرێکاری منداڵ لە تورکیا و باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە

لە پشووی هاوینی ئەم ساڵدا 33 کرێکاری منداڵ لە تورکیا و باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە

دیجیتاڵ

دەستەی چاودێریی تەندرووستی و سەلامەتیی کرێکارانی تورکیا دەڵێ، لە  سێ مانگی هاوینی ئەم ساڵدا لانیکەم 33 کرێکاری منداڵ لە تورکیا و باکووری کوردستان لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی داتاکانی دەستەی چاودێریی تەندرووستی و سەلامەتیی کرێکاران، ژمارەی ئەو منداڵانەی لەی کاردا گیانیان لەدەستداوە، بە رێژەی 27% زیادیکردووە بەراورد بە هاوینی رابردوو، کە 26 منداڵ گیانیان لەدەستدابوو.

دەستەی چاودێریی تەندرووستی و سەلامەتیی کرێکاران مەزەندە دەکات کە نزیکەی 3 ملیۆن کرێکاری منداڵ لە تورکیا و باکووری کوردستاندا هەبن، کە بەشێکی زۆریان بەشێوەی نافەرمی و تۆمارنەکراو کار دەکەن.   ئەم ژمارەیە بەتایبەتی لەگەڵ پشووی هاوینەدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

بەپێ ئامارە فەرمیەکان، پارێزگاکانی رووها دیلۆک لە باکووری کوردستان و ئادانە و ئیستەنبووڵ لە تورکیا لە پێشەوەی ئەو پارێزگایانەن کە زۆرترین گیانلەدەستدانی کرێکارانی منداڵیان تێدا تۆمار کراوە. 

زۆرێک لەو منداڵانە لە کەرتەکانی وەک کشتوکاڵ، بیناسازی و پیشەسازیی کانزاییدا کار دەکەن. 

شارەزایان هۆکاری سەرەکیی رووبەڕووبوونەوەی منداڵان بەم مەترسییانە بۆ خراپبوونی دۆخی ئابووری، نەبوونی چاودێریی یاسایی و بەکارهێنانی هێزی کاری هەرزان دەگەڕێننەوە.

بەگوێرەی دوایین داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، 21 ملیۆن و 375 هەزار و 930 منداڵ لە تورکیا هەن.

لە گرووپی تەمەنی 15-17 ساڵیشدا، لە کۆی 3 ملیۆن و 845 هەزار منداڵ، نزیکەی 980 هەزاریان کە دەکاتە 25.5٪، بەهۆی خراپی باری داراییەوە کار دەکەن. ئەمەش واتە لەو گرووپە تەمەنییەدا، لە هەر چوار منداڵێک، یەکێکیان ناچارە کار بکات.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2025 لانیکەم 770 منداڵ لە تورکیا لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news