Skip to content
krd24.netkrd24.net

ئەمریکا 36 پارچە شوێنەوار سووریا دەگەڕێنێتەوە

ئەمریکا 36 پارچە شوێنەوار سووریا دەگەڕێنێتەوە

دیجیتاڵ 

بەرپرسانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە گەڕاندنەوەی 36 پارچە شوێنەواری دزراویان بۆ سووریا راگەیاند، کە بەردێکی نەخشێنراویش لەخۆدەگرێت کە لە کاتی وێرانکارییەکانی گرووپی داعش لە شاری مێژوویی تەدمور بە قاچاخ بردرابوو.

دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دەستیان بەسەر ئەم پارچانەدا گرتووە کە بەهاکەیان بە زیاتر لە 5 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت؛ دەستبەسەرداگرتنەکەش لە مۆزەخانەی میترۆپۆلیتانی هونەر لە نیویۆرک و ژمارەیەک لە کۆکەرەوەکانی هونەری کۆن ئەنجامدراوە.

ئەلڤین براگ، داواکاری گشتیی ناوچەی مانهاتن لەوبارەیەوە رایگەیاند: "مەراسیمەکانی گەڕاندنەوەی شوێنەوار بیرخەرەوەیەکی بەهێزن بۆ ئەوەی کە پاراستنی میراتی کولتووری سنوورەکان و نەتەوەکان تێدەپەڕێنێت."

بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمی، بەردەکەی تەدمور پێش ئەوەی چەکدارانی داعش لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2017 بەشێکی زۆری ئەو شارە مێژووییە وێران بکەن، لە شوێنەواری تەدمور کە لە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆدایە، دەرهێنرابوو. ئەم پەیکەرە بەردینە کێشی زیاتر لە 450 کیلۆگرامە و لە بەردی کلس دروستکراوە، کە وێنەی پیاوێکی پاڵکەوتوو نیشان دەدات کە لەلایەن ژنێک و سێ منداڵەوە دەورە دراوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە درێژایی ساڵان چەندین پارچە شوێنەواری تاڵانکراوی بۆ چەندین وڵات گەڕاندووەتەوە، لەنێویاندا چین، یۆنان و ئیتاڵیا.

محەممەد قەناتری، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی سووریا لە واشنتن گوتی، ئەم رادەستکردنەوەیە پیشانی دەدات کە چۆن "پابەندبوونی هاوبەش بۆ پاراستنی میراتی کولتووری دەتوانێت پردی بەردەوام لە نێوان هەردوو وڵاتماندا دروست بکات"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "لە رێگەی هاوکاریی سووری-ئەمریکییەوە، بەشێک لە مێژووی سووریا لە سایەی هەوڵەکانی نووسینگەی داواکاری گشتیی مانهاتن دواجار دەگەڕێتەوە نیشتمان."

چوار لەو پارچە شوێنەوارانە لە کۆمپانیای کۆکەرەوەی شوێنەوارەکان لە ئەمریکا، مایکڵ شتاینهارت وەرگیراون؛ ئەو کەسەی کە لە ساڵی 2021دا و وەک بەشێک لە رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا، نزیکەی 180 پارچەی دزراوی لە سەرانسەری جیهان بە بەهای گشتیی 70 ملیۆن دۆلار گەڕاندەوە. 

نووسینگەی داواکاری گشتیی مانهاتن باسی لەوەش کرد کە ئەو 13 پارچەیەی لە مۆزەخانەی میترۆپۆلیتان کۆکرانەوە، لەنێو کۆی 402 پارچە شوێنەواردان بە بەهای 98.7 ملیۆن دۆلار کە لەوەتەی ساڵی 2017ەوە لەو دەزگا کولتوورییە وەرگیراونەتەوە.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news