Skip to content
krd24.netkrd24.net

لە رۆژئاوای کوردستان سەتان قوتابی و مامۆستا دژی سنووردارکردنی زمانی کوردی رژانە سەر شەقام

لە رۆژئاوای کوردستان سەتان قوتابی و مامۆستا دژی سنووردارکردنی زمانی کوردی رژانە سەر شەقام

دیجیتاڵ

سەتان قوتابی، مامۆستا و کەسوکاریان لە شارەکانی قامشلۆ، حەسەکە و کۆبانێ و چەندین ناوچەی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، رژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی تووندی خۆیان دژی بڕیارێکی حکومەتی سووریا دەربڕی بۆ سنووردارکردنی وانەکانی زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا، هاوکات داوایان کرد زمانی کوردی لە دەستووری نوێی وڵاتدا وەکو زمانێکی فەرمی و نیشتمانی دانی پێدابنرێت.

رۆژی پێنجشەممە، شەقامەکانی شاری قامشلۆ تژی بوون لە خۆپێشاندەرانی تووڕە کە ئاڵای کوردستان و درووشمی جۆراوجۆریان بەرزکردبووەوە. ئەم ناڕەزایەتییانە هاوکات بوون لەگەڵ خۆپێشاندانی هاوشێوە لە دەوروبەری حەسەکە و شاری کۆبانێ، کە تێیدا لە بەشێک لە قوتابییان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد لە کاردانەوەی بڕیارەکەی دیمەشق بۆ کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندنی زمانی کوردی بۆ تەنیا 3 کاژێر و یەک کاژێر چالاکی لە هەفتەیەکدا، لە شوێنی سیستمی پەروەردەیی پێشوو کە تەواوی وانەکان بە زمانی دایک دەخوێندران.

"زمان ناسنامەمانە؛ داواکاری بۆ چەسپاندن لە دەستووردا" خۆپێشاندەران لە شەقامەکانی قامشلۆ بە درووشمی (زمان ناسنامەمانە) خۆپێشاندانیان کرد. بەشداربووان لەبەردەم باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەیی شارەکە گردبوونەوە، لەکاتێکدا هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی رۆژئاوای کوردستان بۆ پاراستنی هێمنیی گردبوونەوەکە بڵاوەیان پێکرابوو.

محەممەد محەممەد، مامۆستای زمانی کوردی لە قامشلۆ گوتی، خوێندکاران، مامۆستایان و دایکوباوکان هاتوونەتە سەر شەقام بۆ ئەوەی بە دیمەشق بڵێن مافەکانیان پێشێل ناکرێت و گوتیشی: "داوا لە حکومەتی دیمەشق دەکەین زمانی کوردی وەکو زمانێکی فەرمیی وڵات بناسێنێت و پڕۆگرامی خوێندن لە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی یەکبخات، هاوکات دەبێ پڕۆگرامی خوێندن لە ناوچە زۆرینە کوردنشینەکاندا بە زمانی دایک بخوێنرێت."

نەدیرە ئیبراهیم، هاووڵاتییەکی دیکەی بەشداربووی خۆپێشاندانەکە گوتی، دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ساڵی 2024 و رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، هیوای زۆریان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان هەبوو و ئاماژەی بەوەکرد: "بڕیارەکەی ئەمدواییەی حکومەت نائومێدی کردین؛ سەرەڕای ئەوەش بەردەوام دەبین لە خەبات لەپێناو مافی خوێندن بە زمانی کوردی و پێویستە ئەم زمانە لە دەستووردا وەکو زمانێکی نیشتمانی بچەسپێندرێت."

بایکۆت و رەتکردنەوەی سنووردارکردنی خوێندنی کوردی حکومەت بڕیاریداوە لە بەشێک لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا خوێندنی کوردی کەمبکاتەوە، بەڵام خوێندکاران ئەم هەنگاوە بە هەوڵێک بۆ سڕینەوەی زمانی دایک دەزانن. پەیمان حوسێن، قوتابییەکی بەشداربووی خۆپێشاندانەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە سێ وانەی هەفتانە بە هیچ جۆرێک بەس نییە و گوتی: "چۆن دەبێ لە شاری خۆماندا نەتوانین بە زمانی خۆمان بخوێنین؟ ئەم بڕیارە قبووڵنەکراوە و بەردەوام دەبین لە خۆپێشاندان تاوەکو زمانەکەمان لە دەستووردا دەچەسپێندرێت و دەبێتە فەرمی."

ژینار بیژۆ، قوتابییەکی دیکەیە و دەڵێ: "ماوەی 10 ساڵە بە کوردی دەخوێنم، من بە زمانی عەرەبی قسە ناکەم و نامەوێ بەو زمانەش بخوێنم؛ مافی رەوای خۆمانە بە زمانی دایک فێربین و دەمەوێ تاوەکو دەرچوونم لە زانکۆ خوێندنەکەم بە کوردی بێت."

گردبوونەوە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی قامشلۆ خۆپێشاندەران بە درووشمی (مافەکانی خۆمان دەوێ)، بەرەو باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەیی قامشلۆ بەڕێکەوتن و لەوێ جیهان سەعید حەسەن، بەڕێوەبەری ناوچەی قامشلۆ بۆ گوێگرتن لە داواکارییەکانیان هاتە نێو خۆپێشاندەران.

لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعس و بنەماڵەی ئەسەد لە سووریا، زمانی کوردی بە تەواوی لە کەرتی پەروەردە و دامەزراوە فەرمییەکاندا قەدەخەکرابوو، هەروەها سەتان هەزار هاووڵاتیی کورد لە مافی وڵاتینامە و ناسنامەی نەتەوەیی بێبەش کرابوون.

 لە دوای ساڵی 2011 و دامەزراندنی خۆسەری لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، سیستمێکی تەواوی خوێندن بە زمانی کوردی لە قۆناخی باخچەی منداڵانەوە تاوەکو زانکۆ بونیادنرا و بووە بەشێکی دانەبڕاو لە تەونی کۆمەڵایەتی و پەروەردەییی ناوچەکە.

لە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024 و دەستبەکاربوونی دەسەڵاتی نوێ لە دیمەشق، خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دڕدۆنگن لەبارەی پاراستنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکانیان. لە بەستێنی ئەمانەدا، کورد رژدە لەسەر ئەوەی کە سازش ناکەن لەسەر مافی خوێندن بە زمانی دایک و دەبێ دەستووری نوێی وڵاتەکە دان بە فرەنەتەوەیی و زمانی کوردیدا بنێت.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news