دیجیتاڵ
ئەو پەرلەمانتارەی سێ ساڵ لەمەوپێش بانگەشەی ئەوەی دەکرد قالیباف بەڵگەنامەکانی پەرلەمانی گۆڕیوە، سزای 10 مانگ بەندکرانی بۆ دەرچوو؛ پەرلەمانتارەکە دەڵێت، بڕیارەکەی دادگە ''نایاسایی و سیاسی''ـیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27-09-2026، میدیای فەرمیی ئێران پشتڕاستی کردەوە، حەمید رەسایی، پەرلەمانتاری وڵاتەکە لەسەر پشکی شەمیرانات، ئیسلامشار و پەردیس، پەیوەست بە دۆسیەیەکی سێ ساڵ لەمەوپێش، سزای 10 مانگ بەندکردنی بۆ دەرچووە.
بەگوێرەی میدیاکە، ئەوکات حەمید رەسایی گوتارێکی بە ناونیشانی ''دەستکاریی قالیباف لە بەڵگەنامەکانی پەرلەماندا'' بڵاو کردبووەوە و محەممەدباقر قالیبافی بە ''دیکتاتۆری پەرلەمانی'' ناوبردبوو.
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانیش سکاڵای لەسەر پەرلەمانتارەکە تۆمار کرد و دوای یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە، دادگە سزای 10 مانگ بەندکردنی بۆ دەرکرد.
رەسایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوتارێکی ڤیدیۆیی خۆی بڵاوکردووەتەوە کە ئەمڕۆ لە هۆڵی پەرلەمان تۆمار کراوە و تێیدا دەڵێت، بەهۆی سکاڵای قالیباف، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران و ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە، ''بۆ هەندێک لە نوێنەرانی پەرلەمان دۆسیەی دادوەری کراوەتەوە کە دۆسیەی بەشێکیان گەیشتوونەتە دەرکردنی بڕیار''.
وەک حەمید رەسایی دەڵێت، دوێنێ شەممە، لە رێگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە، بڕیارەکەی دادگەی پێ راگەیێندراوە، ''سزاکەم 10 مانگ بەندکردنە. منیش بە گیان و دڵ رامگەیاندووە کە ئەمڕۆ خۆم رادەست دەکەم.''
ئەو پەرلەمانتارەی ئێران سەبارەت بە هۆکاری بڕیارەکەی دادگە ئەوەشی خستەڕوو: ''تاوانی من گەندەڵیی ئابووری، داوێنپیسی و کودەتای سیاسی نییە. تەنیا لەسەر بەڕێز قالیباف قسەم کردووە و سکاڵاکاری منیش خودی بەڕێز قالیبافە''.
بەپێی دەستووری ئێران، ئەگەر پەرلەمانتارێک لە گوتارەکانیدا قسەیەک بکات کە دادگە بە بوختان، بێڕێزی یان بڵاوکردنەوەی ناڕاستی و تاوانی ئەمنی و دارایی دایبنێت، ئەوا پارێزبەندی نایگرێتەوە و دەسەڵاتی دادوەری دەتوانێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکات، حوکمی بۆ دەربکات و دەستگیریش دەکرێ.
حەمید رەسایی ئاماژەی بەوەش کرد، ''بڕیارە دادوەرییەکان لەبارەی نوێنەرانی دیکەوە کە گەندەڵیی ئابووری و هەندێک شتی دیکەیان هەبوو، لە ماوەی نوێنەرایەتییاندا جێبەجێ نەکراون، بەڵکو دوای تەواوبوونی خولی پەرلەمان دەستگیر کراون. بەڵام دیارە لەبارەی ئێمەوە بەڕێزان رێککەوتوون [دەستگیر بکرێم]، ئێمەش کێشەمان نییە.''
ئەو پەرلەمانتارە سەرەڕای ئەوەی بڕیارەکە بە ''نایاسایی و سیاسی'' دەزانێت، ''لەبەر ئەوەی فەرمانی یاسایە، پێوەی پابەند دەبم، هیچ کێشەیەکم نییە و بێگومان خۆم رادەست دەکەم''.
لە بەشێکی گوتارەکەیدا، رەسایی دەڵێت، سەرۆکی هەر سێ دەسەڵاتەکەی ئێران لەسەر دەستگیرکردنی رێککەوتوون، ''هاوشێوەی یاسای باڵاپۆشی کە رێککەوتن جێبەجێ نەکرێت، وەک داخستنی پەرلەمان کە رێککەوتن بە داخراوی بمێنێتەوە، وەک دانوستاندنی پێچەوانەی بنەماکان کە رێککەوتنیان کرد [لەنێوان تاران و واشنتن] بکرێ.''
ئەو پەرلەمانتارەی ئێران ئاماژە بە ناوی حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێرانیش دەکات کە لەم دواییەدا بەهۆی هەڵوێستەکانی سەبارەت بە جەنگ و دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا، لەلایەن ژمارەیەک لە لایەنگرانی حکومەتەوە رەخنەی تووندی لێ دەگیرا.
''1.2 ملیۆن سکاڵا لەسەر روحانی تۆمار کراوە''
حەمید رەسایی دەڵێت: ''ئێستا بەڕێز رۆحانی ئازادە بۆچی؟ کەم درۆی بڵاوکردووەتەوە؟ کەم یاریی بە گیانی خەڵک کردووە؟ لە یەک قۆناخدا ئەو سکاڵایەی لەسەر بەڕێز رۆحانی تۆمارکراوە، یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس بوون بە ژمارەی نیشتمانییەوە کە سێ هێندەی دەنگەکانی بەڕێز قالیبافە. ئەی بۆچی بەو سکاڵایانەدا نەچوونەوە؟''
نێوخۆی ئێران بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە کە هەندێکیان دژی دانوستاندنن لەگەڵ ئەمریکا و داوای تۆڵەسەندنەوەی خوێنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی وڵاتەکە دەکەن کە 28ـی شوبات لە دەستپێکی جەنگدا کە لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆ سەر تاران کوژرا.
هەر لە گوتارەکەیدا، رەسایی هێرش دەکاتە سەر مەسعود پزیشکیانیش، سەرۆککۆماری وڵاتەکەی کە ''پێچەوانەی دەقی روونی لێدوانەکانی رێبەر جووڵاوەتەوە کە فەرمانی کردووە دەبێ تۆڵەسەندنەوە بێتە دی، بۆچی لە نەتەوە یەکگرتووەکان گەڕایەوە و گوتت هیچ کەس بەدوای تۆڵەسەندنەوەدا نییە؟ زیاتر لە 40 ملیۆن کەسی بەشداربووی رێوڕەسمی تەرمەکان بەدوای تۆڵەدا بوون، داواکاریی تۆڵەیان هەبوو. تۆ چۆن چەکی سپیی واژۆکراو دەدەیتە دەست ترەمپی نەفرەتلێکراو؟''
ئەو پەرلەمانتارە پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی کە ''پێویستە دۆناڵد ترەمپ بکوژرێت و بێگومان ئەو چرا سەوزەی بەڕێز پزیشکیانیش داویەتی، ئەوە بۆ تیرۆری زیاترە. تۆ سەرۆکی کام کۆماریت بەڕاستی؟ پێویستە وەڵامی ئەمە بدەیتەوە''.
تاوەکو ئێستا چەندین جار پزیشکیان لە لێدوانەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەگەڵ جەنگدا نییە و دەیەوێت لە رێگەی دانوستاندنەوە کێشەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر بکات، بەڵام تووندئاژۆکانی ئێران بە ''سازشکار'' ناوی دەبەن و چەندین جار داوای وازهێنان لە پۆستەکەی لێ کراوە.




