دیجیتاڵ
سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سعودیە رۆژی پێنجشەممە شەش مووشەکی بالیستیی حووسییەکانی تێکشکاند کە بەرەو ناوچەکانی تایف و بەندەری نەوتیی یەنبەع ئاراستە کرابوون. هاوکات فەرەنسا بەڵێنی دا سەرباز، رادار و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی بەندەری ستراتیژیی نەوتی یەنبەع لەسەر دەریای سوور رەوانە بکات.
پێش تێکشکاندنی مووشەکەکان، بەرگریی شارستانیی سعودیە زەنگی هۆشداریی بەپەلەی لە چەندین ناوچە لێدا، لەوانەش شاری مەککە، بەندەری یەنبەع لەسەر دەریای سوور، هەروەها ناوچەکانی تایف، جەددە و تەبووک.
تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی، "بە تووندی و بە شێوازێکی یەکلاکەرەوە وەڵامی ئەم هەڵکشان و پێشێلکارییانەی میلیشیا تیرۆریستەکانی حووسییەکان دەدەینەوە."
لە بەرامبەردا، حووسییەکان رایانگەیاند، لە هێرشێکی بەرفراواندا بە مووشەکی بالیستی و درۆن، دامەزراوەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لە یەنبەع و پێگەیەکی سەربازییان لە شاری ریازی پایتەخت کردووەتە ئامانج.
لە کاتێکدا گوشارە ئەمنییەکان لەسەر سعودیە زیادیان کردووە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، پاریس پلانی هەیە "کەرەستە و هێزی سەربازی لەوانەش سەرباز، رادار و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی بەندەری نەوتیی یەنبەع"رەوانە بکات.
بەندەری یەنبەع گرنگترین دەروازەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی سعودیەیە لەسەر دەریای سوور، کە لە رێگەی بۆریی نەوتی (رۆژهەڵات - رۆژئاوا)ـوە نەوتی کێڵگەکانی کەنداوی پێدەگات، هەروەها وەک رێگەیەکی سەرەکیی جێگرەوە بۆ گەیاندنی نەوت بە بازاڕەکانی ئەورووپا بەکاردەهێندرێت بەبێ ئەوەی پێویست بکات بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕ ببێت.
شەڕێکی خوێناوی لە یەمەن هاوکات لەگەڵ هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر سعودیە، شەڕێکی یەکجار قورس لە نێوان هێزەکانی حکومەتی یەمەن و حووسییەکان لە دەوروبەری تەنگەی بابولمەندەب و چیاکانی کەهبووب لە نێوان پارێزگاکانی لەحج و تەعز هەڵگیرساوە، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئەو بەرزاییانەی دەڕواننە سەر دەریای سوور.
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لانیکەم 150 کەس لە هەردوولا کوژراون؛ لەوانە 98 سەربازی سەر بە سوپای یەمەن و چەکدارانی هاوپەیمان لە هێزەکانی سوودان و سعودیە بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حوسییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 52 چەکداری حووسیش لە پێکدادانەکاندا کوژراون.
"دەستوەردان لە بڕیارەکانی حوسییەکان ناکەین" لە لایەکی دیکەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن تاران سەرپەرشتیی هێرشەکانی حووسییەکان دەکات و گوتی، "حووسییەکان بەرپرسیارن لە کردەوەکانی خۆیان. ئەوان فەرمان لە ئێمەوە وەرناگرن؛ بەڵکو ئەوان لایەنێکی خۆڕاگرن لە ناوچەکەدا و بەپێی ئەو دۆخەی بەسەریاندا سەپێنراوە هەڵسوکەوت دەکەن."
ئەم شەپۆلە نوێیەی شەڕ لە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەست لە مانگی تەممووزدا، بووەتە هۆی سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر سعودیە و گرتنی کەناراوەکانی دەریای سوور لەلایەن حووسییەکانەوە، ئەمەش تەواوی بازاڕەکانی وزەی جیهانی لە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا شڵەژاندووە.




