Skip to content
krd24.netkrd24.net

بەقایی: گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا لەرێگەی نێوەندگیری قەتەرییەوە بووە

بەقایی: گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا لەرێگەی نێوەندگیری قەتەرییەوە بووە

دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دانوستاندن و گفتوگۆکانی نێوان عەباس عێراقچی و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، راستەوخۆ نەبووە و لەرێگەی نێوەندگیرێکی قەتەرییەوە کراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، ئیسماعیل بەقایی، سەبارەت بە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوتی: "ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دروستبوو، لەرێگەی نێوەندگیری قەتەرییەوە بوو و تێیدا مەرجەکانی ئێران راگەیێندران."

بەقایی گوتی: "لەم هەفتەیەی رابردوودا، هەڵوێست و روانگەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە تەنگەی هورمز و ئاسایشی ناوچەکە و مەرجەکانی ئێران بۆ دیپلۆماسی خرابوونەڕوو، ئەمڕۆش دەرفەتی ئامادەبوونی شاندی نوێنەرایەتیی وڵاتەکەمان لە نیویۆرک بەکارهێنرا بۆ ئەوەی زۆر بەروونی ئەم بابەتانە بە لایەنی ئەمریکی بگەیێندرێت."

قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێن کە بڵاوبوونەوەی هەواڵی گفتوگۆکانی نێوان عێراقچی و ویتکۆف، دەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی لە ناوخۆی ئێراندا لێکەوتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای پێشکەشکردنی گوتارەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بەرپرسانی ئەمریکی کۆبوونەوەیەکی سێ کاژێریی "زۆر باش"یان لەگەڵ شاندی ئێرانی هەبووە. بەڵام دواتر روونیکردەوە کە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر تەنیا لەگەڵ نێوەندگیرەکاندا کۆبوونەتەوە.

ترەمپ هەروەها لە سەرەتای دیدارەکەیدا لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژنامەنووسانی گوت: "نوێنەرەکانم ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمداریان لەگەڵ نێوەندگیرەکانی ئێراندا هەبوو، بەڵام تەنیا لەگەڵ نێوەندگیرەکان."

لەلایەکی دیکەوە، ستیڤ ویتکۆف لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ئێمە لەرێگەی نێوەندگیرەکانەوە گفتوگۆیەکی درێژخایەنمان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی هەبوو."

ویتکۆف جەختی کردەوە کە "لەکاتی گفتوگۆکەدا نێوەندگیرەکان بەبەردەوامی لەنێوان هەردوو شاندەکەدا دەهاتن و دەچوون"و ئەو ئەم گفتوگۆیانەی بە "هیوابەخش، بەرهەمدار و سەرکەوتوو"وەسف کرد.

نوێنەرەکەی دۆناڵد ترەمپ هەروەها روونیکردووەتەوە، نێوەندگیرەکان بەردەوام دەبن لەسەر کارەکانیان.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news