دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، "رێککەوتنێکی دروست و گونجاو"ی لەگەڵ ئێران دەوێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ حووسییەکانی یەمەنیش قسە دەکەن.
رۆژی هەینی، 18ی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی (نیووز نەیشن)ی راگەیاند: "لەگەڵ حووسییەکان قسە دەکەین. ئەوان دەیانەوێ بزانن ئایا دەتوانین رێککەوتنێک بکەین".
رۆژی 3ی ئەیلوول، حووسییەکان هێرشەکانیان بۆسەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی دانپێداندراوی نێودەوڵەتی لە یەمەن زیاتر کرد و دوو رۆژ دواتر شاری موخەیان لەسەر تەنگەی بابول مەندەب کۆنترۆڵکرد. لەو کاتەوە بە گوێرەی یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکان، ژمارەیەک بنکەی سەربازی، ژێرخانی وزە و دامەزراوەی دیکەی سعودیەیان لە باشووری وڵاتەکە بەئامانج گرتووە.
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە داوای لە دۆناڵد ترەمپ کردووە هێرشبکەنە سەر حووسییەکان، بەڵام داواکەی رەتکردووەتەوە، ئەگەر حووسییەکان نەبنە مەترسی لەسەر تەنگەی هورمز.
لە 2ی تەممووزەوە حووسییەکان سیاسەتی گەمارۆ بەرامبەر بە گەمارۆیان بەرامبەر سعودیە پەیڕەو دەکەن و دەڵێن، رێگە بە تێپەڕینی کەشتییەکانی ریاز بەو تەنگەیەدا نادەن تاوەکو ئەوان ئەو گەمارۆ دەریایی، وشکانی و ئاسمانییە هەڵنەگرن کە لە ساڵی 2015ەوە بەسەر وڵاتەکەیاندا سەپاندوویانە.
سەبارەت بە ئێران، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئێرانییەکان دەیانەوێ رێکبکەون، چونکە لە هەموو روویەکەوە خەریکە دەدۆڕێن"؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەگەر رێککەوتنەکە دروست و گونجاو نەبێت، تەنانەت بیریشی لێ ناکەمەوە".
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئێران لە رووی داراییەوە دەدۆڕێ، لە رووی سەربازییەوە دەدۆڕێ و لە هەموو لایەکەوە لە شکستدایە".
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە. لە 2ی ئاداریشەوە، تاران وەک ستراتیژێکی جەنگەکە تەنگەی هورمزی داخست. لە 14ی تەممووزەوە ئەمریکا گەمارۆی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە. بەرپرسانی ئەمریکا کردنەوەی تەنگەی هورمز بە پێش مەرجێک بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکەیان بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا دادەنێن. ئێرانیش هەڵگرتنی گەمارۆکە بە مەرجی کردنەوەی تەنگەکە دادەنێت.
رۆژی 24ی ئاب، سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا شەپۆلێکی نوێی سزاکانی بەسەر ئێراندا راگەیاند و سزاکان ئەو کۆمپانیا و وڵاتانەشی گرتەوە کە بازرگانی لەگەڵ ئێراندا دەکەن.




