Skip to content
krd24.netkrd24.net

جێگری سەرۆککۆماری ئێران: هیوادارین ئەمریکا عاقڵ ببێت و پابەندی لێکتێگەیشتنەکە بێت

جێگری سەرۆککۆماری ئێران: هیوادارین ئەمریکا عاقڵ ببێت و پابەندی لێکتێگەیشتنەکە بێت

دیجیتاڵ

جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی هیوادارە ئەمریکا عاقڵ ببێت و کار بەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی ئیسلامئاباد بکات کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانەوە واژۆ کراوە.

رۆژی پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، محەممەدڕەزا عارف، لە رێوڕەسمی کۆڕبەندی پیشەیی ئەنجوومەنی مامۆستایانی زانکۆکانی ئێراندا، ئاماژەی بە پێشێلکردنی ئەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشە کرد کە لەنێوان تاران و واشنتندا واژۆ کراوە و گوتی: "هیوادارین دوژمن بۆ یەکجاریش بێت عاقڵ ببێت و بۆ پەیمانی خۆی وەفادار بێت و کار بەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە بکرێت کە واژۆ کراوە."

عارف گوتیشی: "ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر لێکتێگەیشتنەکە جێبەجێ بکرێت، کێشەکە کۆتایی دێت؟ نەخێر، ئێمە تازە کێشەمان لەگەڵ سیستمی ستەمکار دەستپێدەکات."

محەممەدڕەزا عارف لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "زیاتر لە 40 ساڵ بوو دوژمنان بەشێوازی ناڕاستەوخۆ شەڕیان لەگەڵ دەکردین، بەڵام ئەمڕۆ بەناچاری بەفەرمی لەگەڵماندا هاتوونەتە ناو شەڕەوە و بە سێ ستراتیژی ئابووری، کۆمەڵایەتی و لێدان یان راگرتنی پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا هاتوونەتە گۆڕەپانەکەوە."

جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران روونیکردەوە: "لە هەر سێ بەشەکەدا و بەتایبەت لە بەشی سێیەمدا، دەبێت زانکۆ پێشەنگ بێت و پێویستە ئەمڕۆ هەوڵەکانمان بۆ ئەوە بن کە باڵادەست بین؛ دوژمنی ئێمە پڕچەک کراوە بە نوێترین دەستکەوتە زانستییەکان، ئێمەش دەتوانین و توانای ئەوەمان هەیە کە لەوان باڵاتر بین."

لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و جەنگێکی فراوان لە ناوچەکەدا دروستبوو کە 40 رۆژ بەردەوام بوو. دواتر لە 8ـی نیسان ئاگربەست راگەیێندرا و لە 18ـی حوزەیرانی 2026ـیشدا بەنێوەندگیریی پاکستان، ئەمریکا و ئێران یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و چارەسەرکردنی کێشەکانیان واژۆ کرد.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news