Skip to content
krd24.netkrd24.net

عێراقچی: زیانە راستەقینەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە کاتی خۆیدا ئاشکرا دەکەین

عێراقچی: زیانە راستەقینەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە کاتی خۆیدا ئاشکرا دەکەین

دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکای دایەوە کە باس لە "نەبوونی بەرگریی ئێران"دەکەن و دەڵێ، لە کاتی گونجاودا زیان و کوژراوە راستەقینەکانی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرا دەکەن. ئەمڕۆ سێشەممە 15-09-2026 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وەڵامی ئەو لێدوانانەی دایەوە و نووسی، "ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات ئێران بەرگری نییە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە سەتان بنکە و دامەزراوەی سەربازیی ئەمریکا هێرشیان کراوەتە سەر و دەیان فڕۆکەی ئەمریکی ئاگریان تێبەردراوە."

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، سەرچاوەی قسەکەی پێنتاگۆنە.

وەزیری دەرەوەی ئێران باس لەوە دەکات ئەوە تەنیا بەشێکی کەمە لە زیانەکان و دەڵێ، "لە کاتی خۆیدا ئاستی راستەقینەی زیان و کوژراوانی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرا دەکەین. شەرمەزاریش بۆ ئەوانە دەمێنێتەوە کە بە درۆ بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە ئێران بەرگری نییە."

ئەم نووسینەی عێراقچی لە کاتێکدایە، بەرپرسانی ئەمریکا دان بەوەدا دەنێن هێرشەکانی ئێران زیانیان بە بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان گەیاندووە. 

رۆژی هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، هانگ کاو، وەزیری کاربەڕێکەری هێزی دەریایی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا سەبارەت بە بنکەی پاڵپشتیی دەریایی ئەمریکا لە بەحرێن، کە بارەگای فەرماندەیی ناوەندیی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و کەشتیگەلی پێنجەمە، گوتی، "ئەوان (ئێرانییەکان) زیانی گەورەیان بە بنکەکەمان لە بەحرێن گەیاندووە."

رۆژی 10ی ئەیلوولی 2026یش بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ رایگەیاند، هێرشی ئێران زیانی بە فڕۆکەیەکی ئەی 10 سەندەربۆڵت گەیاندووە و باڵێکی لێکردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، هەشت فڕۆکەی جۆری F-15ش زیانی کەمیان بەرکەوتووە و دواتر گەڕێندراونەتەوە بۆ خزمەت. بە گوێرەی ئەو بەرپرسە، هێرشەکە رۆژی 8ی ئەم مانگە کراوە.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news