Skip to content
krd24.netkrd24.net

ئیسماعیل بەقایی: ئێران، عێراق و وڵاتانی کەنداو لە عومان کۆدەبنەوە

ئیسماعیل بەقایی: ئێران، عێراق و وڵاتانی کەنداو لە عومان کۆدەبنەوە

دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، بە بەشداریی عێراق، ئێران و وڵاتانی سەر کەنداو، کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە لە عوممان بەڕێوەدەچێت و تێیدا دۆخی ناوچەکە و دەستنیشانکردنی رێڕۆوی سەلامەت بۆ کەشتیوانیی بازرگانی لە تەنگەی هورمز تاوتوێ دەکرێن.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی، 11ـی ئەیلوولی 2026، رایگەیاند، دەستپێشخەریی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کەنداو و دەریای عوممان، پێشهاتێکی گرنگە لەپێناو دروستکردنی متمانە و هاوکاری بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، بەدوور لە دەستتێوەردانی وڵاتانی دەرەکی.

بەگوتەی بەقایی، لەو کۆبوونەوەیەدا کە رۆژی دووشەممە لە عوممان دەکرێت، جگە لە تاران و بەغدا، وڵاتانی دیکەی کەنداویش ئامادە دەبن؛ لەپاڵ تاوتوێکردنی پرسە هەرێمییەکان، گفتوگۆ لەبارەی رێکخستنی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و عوممان سەبارەت بە دیاریکردنی رێڕۆوی سەلامەت بۆ کەشتیوانیی بازرگانی لە تەنگەی هورمز دەکرێت.

بەقایی ئاماژەی بە لێکتێگەیشتنی نێوان وڵاتەکەی و عوممان سەبارەت بە رێڕۆوە کاتییەکانی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز کرد و گوتی، تاران پابەندە بە هەوڵەکان بۆ دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە: "مادام هەنگاوە دەستدرێژیکارانە و دەستتێوەردانە نایاساییەکانی ئەمریکا، لەوانەش گەمارۆی دەریایی و شەڕی ئابووری بەردەوام بن، ئاسایشی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز گەرەنتی ناکرێت."

ئەم کۆبوونەوەیە کە بڕیارە لە شاری سەڵاڵەی عوممان بەڕێوەبچێت، دەبێتە یەکەمین دیداری راستەوخۆی نێوان دیپلۆماتە باڵاکانی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە تاران لە مانگی شوباتی رابردوودا.

نوێدەکرێتەوە...

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news