Skip to content
krd24.netkrd24.net

حکومەتی عێراق چوار رۆژ پشووی راگەیاند

حکومەتی عێراق چوار رۆژ پشووی راگەیاند

دیجیتاڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەبۆنەی "رۆژانی سەروەری"ـی وڵاتەکەیەوە، دەوامی فەرمی لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت لە رۆژی 30ی ئەیلوولەوە تاوەکو 3ی تشرینی یەکەمی داهاتوو رابگیرێت. رۆژی شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا لە رۆژی چوارشەممە رێککەوتی 30ی ئەیلوولەوە تاوەکو رۆژی شەممە 3ی تشرینی یەکەمی داهاتوو پشووی فەرمی بێت، ئەوەش وەک پێشوازی و رێزگرتنێک لە (رۆژانی سەروەری) بۆ کۆماری عێراق."

بەپێی بڕیارەکە، سەرجەم وەزارەت، فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی فیدراڵ لەو چوار رۆژەدا پشووی فەرمییان دەبێت.

"رۆژانی سەروەری"چییە و بۆچی ئەم وادەیە دیاریکرا؟ دیاریکردنی ماوەی نێوان 30ی ئەیلوول تاوەکو 3ی تشرینی یەکەم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەک "رۆژانی سەروەری"، بەستراوەتەوە بە دووی سیاسی و مێژوویی، یەکەمیان، رۆژی 30ی ئەیلوول هاوکاتە لەگەڵ ئەو وادە فەرمییەی کە لەڕێگەی دانوستانەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان بەغدا و واشنتن دیاریکرا بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و رادەستکردنی بنکە سەربازییەکان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق. حکومەتی عێراق ئەم وادەیە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی و هەنگاوی چەسپاندنی تەواوەتیی "سەروەریی خاکی عێراق"پێناسە دەکات.

هەروەها رۆژی 3ی تشرینی یەکەم لە ساڵنامەی فەرمیی عێراقدا بە "رۆژی نیشتمانی"هەژمار دەکرێت، ئەمەش بەبۆنەی ساڵیادی کۆتاییهاتنی داگیرکاری بەریتانیا و راگەیاندنی سەربەخۆیی عێراق و پەیوەستبوونی بە "کۆمەڵەی گەلان"لە 3ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1932دا.

Source: krd24.net — Via: Rudaw

Related news