Skip to content
krd24.netkrd24.net

بەغدا و واشنتن لەبارەی گەشتەکانی نێوان عێراق و ئێران لە گفتوگۆدان

بەغدا و واشنتن لەبارەی گەشتەکانی نێوان عێراق و ئێران لە گفتوگۆدان

دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق دەڵێ، بەهۆی ئەو رێکارانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەرامبەر گەشتەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران گرتوویەتییەبەر، بەغدا لە گفتوگۆی راستەوخۆدایە لەگەڵ واشنتن بۆ ئەوەی هەندێک لە فڕۆکەخانەکانی عێراق لەو بڕیارە بەدەر بکرێن. نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی شەممە (26ی ئەیلوولی 2026) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بەهۆی ئەو بڕیارانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە گەشتەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی ناوچەکە و عێراق دەریکردوون، حکومەتی عێراق دەستی کردووە بە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی".

بەپێی نووسینگەی عەلی زەیدی، ئامانجی عێراق لەم گفتوگۆیانە ئەوەیە کە هەندێک لە فڕۆکەخانەکانی عێراق لەو رێکارانە بەدەر بکرێن، تاوەکو رێگە بدرێ گەشتە ئاسمانییەکان بۆ "مەبەستی مرۆیی"دەستپێبکەنەوە، کە پەیوەندییان بە چارەسەری پزیشکی، خوێندن، سەردانی ئایینی و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی مەدەنییەوە هەیە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ: "کار بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە دەکەین. بەردەوامیی قەیرانەکان دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، بۆیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین پەنا بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن ببەن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ و جەنگ، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە بپارێزێ."

بەهۆی توندبوونەوەی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تاران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان راگیراون. 

Source: krd24.net — Via: Rudaw

Related news