Skip to content
krd24.netkrd24.net

کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق: ئەو کۆمپانیایانەی گەمارۆ دەخەنە سەر ئێران بێ کەرامەتن

کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق: ئەو کۆمپانیایانەی گەمارۆ دەخەنە سەر ئێران بێ کەرامەتن

دیجیتاڵ

کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق هێرشێکی تووند دەکاتە سەر ئەو لایەن و کۆمپانیایانەی کە پابەندی سزاکانی ئەمریکان بۆ سەر ئێران؛ داواش لە گەلی عێراق دەکات لە رێگەی کڕینی کاڵای ئێرانییەوە ئەو گەمارۆ بشکێنن.

کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، رۆژی پێنجشەممە (24ی ئەیلوولی 2026) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەو گەمارۆیەی ئەمریکای زۆردار خستوویەتییە سەر گەلی ئێران، درێژکراوەی ئەو مێژووەیە کە تێیدا هەوڵدراوە ئیرادەی گەلانی موسڵمان بشکێندرێت". 

حیزبوڵڵا، ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی چونکە لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیدا دۆڕاوە، پەنای بۆ "چەکێکی پیس"بردووە کە ئەویش برسیکردنی خەڵک و سزای ئابوورییە.

رەخنەی تووندیشی لەو کۆمپانیا و لایەنە نێوخۆییانە گرت کە پابەندی سزاکانی ئەمریکان و دەڵێت: "ئەو لایەن و کۆمپانیایانەی بەرامبەر بە هەندێک بەرژەوەندیی کەم، رەزامەندییان داوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارە نادادپەروەرەکانی ئەمریکا، بوونەتە پاشکۆی بڕیارە ئەمریکی - زایۆنییەکان؛ ئەوانە لایەن و کۆمپانیای بێ کەرامەتن."

کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، راشیەگایند: "ئەو لایەنانە هەڵوێستەکانی گەلی ئێرانیان لەبیر کردووە لە کاتی شەڕی داعش و ئابڵوقەی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو". 

گرووپەکە بانگەوازێکی ئاراستەی گەلی عێراق کرد و رایگەیاند: "داوا لە کوڕانی گەلی عێراقی بەئەمەک دەکەین کە بە هەر شێوەیەک بێت ئەو ئابڵوقەیە بشکێنن، بەتایبەتی لەرێگەی پشتگیریکردنی بەرهەمە ئێرانییەکان و هاندانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی."

کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق پرسیارێکی ئاراستەی مەرجەع و زانایانی ئایینی کردووە و دەڵێت: "حوکمی شەرعی چییە لەسەر هاوکاریکردنی دوژمنان -بە هەر شێوەیەک بێت- بۆ ئابڵوقەدان و برسییکردنی گەلی ئێرانی بڕوادار؟"

ئەمە لە کاتێکدایە، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و خزمەتگوزاریی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەکانی عێراق، بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە مامەڵەکانیان لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران راگرتووە یان سنووردار کردووە. 

Source: krd24.net — Via: Rudaw

Related news