دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە شاری نیویۆرک لەگەڵ شاندێکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا کۆبووەوە و داوای لێکردن بەشداری لە کۆنفرانسی وزەی بەغدا بکەن؛ هاوکات بەڵێنی پێدانی ئاسانکاری و تاوەکو 10 ساڵ لێخۆشبوونی باجی پێدان.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026 بڵاوکرایەوە، زەیدی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە بازرگان و وەبەرهێنەرانی ئەمریکای راگەیاندووە: "عێراق خاوەنی سەرچاوەی سرووشتیی گەورە، توانای مرۆیی و پێگەیەکی جوگرافیی ستراتیژییە؛ حکومەتیش کار لەسەر ئەم بنەمایانە دەکات بۆ ئاسانکاری و لێخۆشبوونی باج بۆ 10 ساڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەو پاکێجە هاندەرانە کرد کە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان ئامادەکراون، لەوانە: پێدانی مافی خاوەندارێتیی زەوی بۆ پڕۆژەکان بەپێی یاسا، هەروەها بەخشین لە باج و گومرگ بۆ ماوەی تاوەکو 10 ساڵ لە کەرتە جیاوازەکاندا.
زەیدی تیشکی خستە سەر پڕۆژە گەورەکانی گواستنەوە، بەتایبەت تۆڕی هێڵی شەمەندەفەر لە چوارچێوەی "پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان"دا، کە عێراق دەکاتە پردی بەیەکبەستنەوەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کرد بەشداری لە کەرتەکانی پیشەسازیی پترۆکیمیایی، شووشە، فۆسفات، گاز و وزەی پاکدا بکەن، بۆ ئەوەی ئابووریی عێراق هەمەجۆر بکرێت.
عەلی زەیدی بە فەرمی بانگهێشتی ئەندامانی ژووری بازرگانیی ئەمریکای کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی وزەی بەغدا تاوەکو لە نزیکەوە ئاشنای دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بن، راشیگەیاند، بەغدا دەیەوێت پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ واشنتن لەسەر بنەمای هاوبەشیی درێژخایەن دابڕێژێت.




