Skip to content
krd24.netkrd24.net

سەدر: دوای 30ی ئەیلوول هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی قبووڵ ناکەین

سەدر: دوای 30ی ئەیلوول هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی قبووڵ ناکەین

دیجیتاڵ

رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، داوای لە ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد پابەندی وادەی دیاریکراوی کشانەوەیان بن لە عێراق، کە 30ی ئەیلوولە و رایگەیاند، دوای ئەو رێکککەوتە هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری عێراق دا قبووڵکراو نییە.

موقتەدا سەدر، رۆژی یەکشەممە (20ی ئەیلوولی 2026)، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کشانەوەی چاوەڕوانکراوی هێزە بیانییەکان "سوودی بۆ عێراق و بۆ ئەوانیش و بگرە بۆ هەموو جیهان دەبێت"، هاوکات هۆشداریدا لەوەی ئەو کشانەوەیە ببێتە سەرەتایەک بۆ دەستوەردانی دەرەکی و زیان بە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق بگەیێنێت.

رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، ئاماژەی بەوەدا هەر جۆرە دەستوەردانێک لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و نادراوسێوە رەتدەکاتەوە و داوای لە سیاسییەکانی عێراق کرد، جارێکی دیکە داوای دەستوەردانی ئەمریکا نەکەنەوە.

سەرد روونی کردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رێگەی هێزی وشکانی، پاراستنی سنوور و هێزی ئاسمانییەوە، توانای پاراستنی وڵاتیان هەیە و دەبێت بە تەنیا لەژێر فەرمانی حکومەتی ناوەندیدا بن.

موقتەدا سەدر، باسی لەوە کرد عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە "یەک ریز دەبن دژی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی"و هیوای خواست رۆژی 30ی ئەیلوول ببێتە سەرەتای گەشەسەندنی عێراق و کۆتاییهاتنی گەندەڵی، ستەم، دیکتاتۆری، داگیرکاری و تیرۆر.

سەدر، پێویستیی بەهێزکردنی دەزگا ئەمنییەکانی لەژێر سەرپەرشتیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا دووپاتکردەوە و رایگەیاند، بەبێ هیچ پاڵپشتییەکی دەرەکی، بەردەوام دەبن لە "بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری، تیرۆر و گەندەڵی".

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news