Skip to content
krd24.netkrd24.net

قاسم ئەعرەجی: دەنگۆی سەپاندنی سزای ئەمریکا بەسەر عێراق دوورە لە راستییەوە

قاسم ئەعرەجی: دەنگۆی سەپاندنی سزای ئەمریکا بەسەر عێراق دوورە لە راستییەوە

دیجیتاڵ

راوێژکاری ئەمنیی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، هیچ وادەیەک بۆ کۆتاییهاتنی کارەکانی لیژنەی سنووردارکردنی چەک لە عێراق دیاری نەکراوە؛ هەروەها دەنگۆی ئەگەری سزای ئەمریکا بەسەر عێراق رەتدەکاتەوە.

رۆژی هەینی، 18ی ئەیلوولی 2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئەمنیی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند: "هیچ وادەیەک بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت دیاری نەکراوە."

قاسم ئەعرەجی گوتی: "گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم گرووپەکان بەردەوامە و گفتوگۆکان لە کەشی ئەرێنیدا بەڕێوەدەچن." 

لەوەڵامی ئەوەی کە پڕۆسەکە پێش 30ی ئەیلوول تەواو دەبێت یان کاتی زیاتری پێویست دەبێت، راوێژکاری ئەمنیی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد: "پڕۆسەکە پێویستی بە کاتە. ئەو لیژنەیەی لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بۆ ئەم مەبەستە پێکهێندراوە، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکوەزیرانی عێراق کاردەکات."

قاسم ئەعرەجی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە سزای ئەمریکا بۆ سەر عێراق دەکەن لەئەگەری رازینەبوونی گرووپەکان بە چەکدانان و گوتی: "ئەو دەنگۆیانە ناڕاستن."

سەبارەت بە قۆناخی دوای کۆکردنەوەی چەک، قاسم ئەعرەجی گوتی، "لە کاتی تەواوبوونی کارەکانی لیژنەکە و سنووردارکردنی تەواوەتی چەک لە دەستی دەوڵەت، ئەو کاتە هەر کەسێک بە شێوەیەکی نایاسایی چەک هەڵبگرێ، بەپێی یاسا وەک کەسێکی یاساشکێن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، رێکاری یاسایی زۆر تووندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و هاوشێوەی تیرۆریست مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ."

لە کارنامەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی، پرسی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت خاڵێکی سەرەکییە. تاوەکو ئێستا چەند گرووپێکی چەکدار رەزامەندیی خۆیان بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان دەربڕیوە، بەڵام گرووپەکانی وەک سەیدولشوهەدا، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا، رەتی دەکەنەوە چەکەکانیان رادەست بکەن.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news