Skip to content
krd24.netkrd24.net

بەهۆی پێنەدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی کوردستان؛ پارێزگاری بانکی ناوەندی بانگهێشت دەکرێت

بەهۆی پێنەدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی کوردستان؛ پارێزگاری بانکی ناوەندی بانگهێشت دەکرێت

دیجیتاڵ

شاندێکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردستانن و ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێ، لەسەر پێنەدانی 2000 دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان لیژنەکەیان بانگهێشتی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەکات.

شاندێکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی مونا قاسم غورابی، سەرۆکی لیژنەکە، لە ئێوارەی رۆژی سێشەممەوە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانن و لە دوێنێوە دیدار و کۆبوونەوەکانیان دەستپێکردووە.

جگە لە سەرۆکی لیژنەکە، شاندەکە پێکهاتووە لە عەلی شێخ خاڵس، موسەننا سائیر عەزاوی و مونا سەوادی محەممەدی، ئەندامانی پەرلەمان.

عەلی شێخ خاڵس، ئەندامی لیژنەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند، شاندەکە دوێنێ لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و باسیان لە پرسی هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا لەو بوارە و ئەو کەناڵانە کرد کە لە عێراق نووسینگەیان هەیە و لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. گوتیشی: "رێکار و ئاستەنگییەکان و ئاسانکارییەکان باسکرا و لەوبارەیەوە لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە بە سەرۆکایەتیی من پێکهات."

شاندەکە دوێنێ لەگەڵ کۆمپانیاکانی کۆڕەک تیلیکۆم و ئاسیاسێڵ و کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشە و گرفت و ئاستەنگییەکان و پرسی فریکوێنسی کرا و بڕیاردرا بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان بکرێت.

لیژنەکە ئەمڕۆ سەردانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێری کرد و کێشە و ئاڵنگارییەکانی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

عەلی شێخ خاڵس رایگەیاند، کۆمەڵێک خزمەتگوزاری هەن کە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان لێی بێبەشن، لەوانەش پێدانی 2000 دۆلار بە گەشتیاران، کە ئەم بڕیارە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. لەسەر ئەو پرسە، لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو میوانداریی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەکات.

لە فڕۆکەخانەکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان هەر گەشتیارێک گەشتی دەرەوە بکات، دوو هەزار دۆلاری بە نرخی فەرمی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار پێدەدرێت، بەڵام ئەمە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بۆ سوودوەرگرتن لەو بڕیارە ئێستا بەشێک لە گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکووک گەشت دەکەن.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news