Skip to content
krd24.netkrd24.net

تۆمەتی "وەرگرتنی مووچەی شەهیدانە"دەدرێتە پاڵ ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا

تۆمەتی "وەرگرتنی مووچەی شەهیدانە"دەدرێتە پاڵ ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا

دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی شیعەی عێراق داوا لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا دەکات، ئەندامێتی ئەندامێکی سوننەی ئەو ئەنجوومەنە هەڵبوەشێنێتەوە، بە تۆمەتی ئەوەی مووچەی شەهیدانەی وەرگرتووە و لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکهێنراوە. ئەندامەکەش تۆمەتەکان بە هەڵبەستراو دەزانێت.

عەلی زیرجاوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا کە لە پێکهاتەی شیعەیە، لە 16ى ئەیلوول نووسراوێکی ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا کردووە و داوایان لێدەکات لە ماوەی حەوت رۆژدا ئەندامێتی ویسام دلێمی لەو ئەنجوومەنە هەڵبوەشێننەوە، بە تۆمەتی ئەوەی گوایە دەستەی دەستپاکی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووەتەوە لەبارەى وەرگرتنى بڕێک پارەى مووچەى شەهیدان و  ساختەکردن.

ویسام دلێمی، سەرۆکی فراکسیۆنی حەسمی نیشتمانییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، کە هاوپەیمانییەکی پێکهاتەی سوننەکانە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ئەو تۆمەتانەی پەرلەمانتارەکەی بە هەڵبەستراو ناوبردووە و دەڵێت: "پەنامان بۆ دادگا بردووە و سەرجەم رێکارە یاساییەکان لەدژی ئەو لایەن و کەسانە دەگرینەبەر، کە بانگەشە بۆ ئەو جۆرە درۆیانە دەکەن".

نووسراوی پەرلەمانتارەکە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی ویسام دلێمی پشتی بەستووە بە مادەی 61ى دەستوور و یاسای پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەرکی چاودێریی پەرلەمان.

 پێنجشەممە 17ى ئەیلوولی 2026، عامر فەیلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند، لەو پرسەدا ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیاردەر دەبێت لە کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی ئەو ئەندامەى و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانن لەبارەی ئەو دۆسیەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەفەرمی هیچ نووسراوێکی فەرمیان لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە پێ نەگەیشتووە.

 

 

 

 

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news