Skip to content
krd24.netkrd24.net

کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق: تۆنێک هۆشبەرمان لەنێو برد

کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق: تۆنێک هۆشبەرمان لەنێو برد

دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق، نزیکەی تۆنێک هۆشبەر و دەیان هەزار حەبی کارتێکەری دەروونییان لەنێو بردووە، ئەوەش وەک قۆناخی کۆتایی بۆ رێگری لە دووبارە بڵاوبوونەوەیان لەنێو کۆمەڵگەدا. عەمید عەباس بەهادلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکانی عێراق، رۆژی چوارشەممە ( 16ـی ئەیلوولی 2026)، بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند: "پرۆسەی لەنێوبردنی ئەو مادانە لەلایەن لیژنەیەکی ناوەندیی تایبەتەوە ئەنجامدراوە کە بەپێی مادەی (42)ی یاسای مادە هۆشبەرەکان (ژمارە 50ی ساڵی 2017) پێکهێنراوە و دادوەرێکی پلە یەک سەرۆکایەتیی دەکات."

بەگوتەی عەمید عەباس بەهادلی، ئەو مادانەی رەوانەی سووتێنەرەکان کراون پێکهاتبوون لە نزیکەی (1) تۆن لە جۆرە جیاوازەکانی مادەی هۆشبەر، دەیان هەزار حەبی کارتێکەری دەروونی و  بڕێکی زۆر لە مادە شلە هۆشبەرەکان.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی مادە هۆشبەرەکان راشیگەیاند:"پرۆسەی لەنێوبردنەکە لە شوێنی تایبەت و ژینگەیی ئەنجامدراوە، دوای ئەوەی سەرجەم رێکارە یاساییەکانیان تەواو بووە. گوتیشی: "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بڕینەوەی دەستی بازرگانان و دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەم مادە مەترسیدارانە بە هیچ شێوەیەک ناگەڕێنەوە نێو بازاڕ و کۆمەڵگە."

پرۆسەی لەنێو بردنەکە بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدار و هێزە ئەمنییەکان بووە، سەرجەم مادە هۆشبەرەکان دەخرێنە نێو سندووقێکی تایبەت بە هەڵگرتن و ئەو ئۆتۆمبێلانەشی دەیان گوازنەوە تایبەتە بە لەنێوبردنی مادەی هۆشبەر.

 

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news