دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین تۆمەتبارانی پێشینەدار"یان راگەیاند، کە بە پیلانێکی "فێڵبازانە"و لە رێگەی پەنچەرکردنی تایەی ئۆتۆمبێلی ئەو کەسانەی لە بانک و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەهاتنە دەرەوە، پارەکانی لێ دەدزین و بۆ چەندین پارێزگا هەڵاتبوو.
بەگوێرەی پۆلیسی کەرکووک، شێوازی تاوانەکە بەم جۆرە بووە: "تۆمەتبار بە دزییەوە یەکێک لە تایەکانی ئۆتۆمبێلی قوربانییەکەی پەنچەر یان کون کردووە، دواتر بە ئۆتۆمبێل بەدوای کەوتووە و لە رێگەدا ئاگاداری کردووەتەوە لەوەی کە تایەکەی پەنچەر بووە و پێویستی بە گۆڕینە. هەر کە شۆفێرەکە دابەزیوە و سەرقاڵی گۆڕینی تایەکە بووە، تۆمەتبارەکە بە خێرایی لە دەرگاکەی دیکەوە بڕە پارە کێشراوەکەی بردووە و دەستبەجێ بەرەو دەرەوەی پارێزگاکە هەڵاتووە تاوەکو شوێنپێی ون بکات."
دوای دەستگیرکردنی، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا تۆمەتبارەکە دانی بە چەندین تاوانی هاوشێوە لە پارێزگا جیاوازەکاندا ناوە، لەوانە، دزینی 38 ملیۆن دینار لەنێو ئۆتۆمبێلێک لە شاری کەرکووک، دزینی 3 ملیۆن دینار لە ئۆتۆمبێلێک لە پارێزگای دیالە، دزینی 1 ملیۆن و 800 هەزار دینار لە ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە دیالە و تاوانێکی هاوشێوە لەنێو ئۆتۆمبێلێک لە پارێزگای سەڵاحەدین.
پێشینەی هەبووە لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لەکاتی پشکنینی تۆماری تاوانکاریی تۆمەتبارەکە، دەرکەوتووە خاوەنی پێشینەی تاوانە و پێش ساڵی 2003 بە تۆمەتی "چەتەیی"و رێگەگرتن لە هاووڵاتییانی بیانی سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەردا دراوە، بەڵام دواتر ئازاد بووە. پاشان لە ساڵی 2008یشدا بەهۆی بەشداریکردنی لەێکی دیکەی "دەستبڕین"، سزای 11 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
پۆلیسی کەرکووک رایگەیاندووە، رێکارە یاساییەکان بەرامبەر تۆمەتبار گیراونەتەبەر و دانپێدانانەکانی بە شێوەیەکی فەرمی تۆمارکراون بۆ ئەوەی رەوانەی دادگە بکرێت.




