دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، رێگە نادەن خاکی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت یان بکرێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، هەروەها رایگەیاند، داخستنی تەنگەی هورمز کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر توانای هەناردەکردنی نەوتی عێراق هەبووە.
عەلى فالح زەیدى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارێکدا لە رۆژنامەی لۆفیگارۆی فەرەنسی لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئەو وڵاتە و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیە دەرفەتێکە بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، دەیانەوێت قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییەکان دەستپێبکەن کە تێیدا عێراق هاوبەشێکی راستەقینە بێت، نەک دەوڵەتێک بەدوای داواکاری و چەتری سیاسیدا بگەڕێت.
دووشەممە 14ی ئەیلولی 2026، عەلى فالح زەیدى بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە فەرەنسا و لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، شەش یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد.
زەیدی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە قەیرانی تەنگەی هورمز بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر توانای عێراق هەبووە لە هەناردەکردنی نەوت و جووڵەی بازرگانی و سەقامگیریی داهاتی دەوڵەت، بۆیە کار لەسەر رێگریکردن لە بارگرژییەکان لە ناوچەکە دەکەن.
بەهۆی دروستبوونی کێشە بۆ جووڵەی کەشتییەکانی نەوت لە تەنگەی هورمز، کێشە بۆ کەمبوونەوەی داهاتی عێراق دروست بووە بەهۆى ئەوەى بەر لە جەنگ زۆربەى نەوتەکەی لەو رێگەیەوە هەناردە دەکرد.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، رێگە نادەن خاکی عێراق بکرێتە بنکەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ یان گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان لەنێوان وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا، هەروەها سنووردارکردنى چەک لە دەستی دەوڵەت مانای رووبەڕووبوونەوە نییە لەگەڵ هیچ لایەنێک، بەڵکو مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ بوونی دەوڵەتێکی سەقامگیر.
بڕیارە 30ی ئەیلول هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق بکشێنەوە، کە مەرجی گرووپە چەکدارەکانە بۆ رادەستکردنی چەک. عەلى فالح زیدى رایگەیاند، لەدوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە 30ی ئەیلول، گرنگیی قوڵکردنەوەی هاریکاریی ئەمنی، سەربازی و بەرگری لەگەڵ هاوبەشانیان زیاتر دەبێت.




