Skip to content
krd24.netkrd24.net

راگەیێندراوی هاوبەشی عێراق و فەرەنسا: پاڵپشتی لە ئازادیی دەریاوانی لە تەنگەی هورمز دەکەین

راگەیێندراوی هاوبەشی عێراق و فەرەنسا: پاڵپشتی لە ئازادیی دەریاوانی لە تەنگەی هورمز دەکەین

دیجیتاڵ

فەرەنسا و عێراق رایدەگەیێنن کە پاڵپشتیی هەوڵەکان دەکەن بۆ بەهێزکردنی ئازادیی دەریاوانی لە تەنگەی هورمز. هەروەها رێککەوتنی هاریکاریی نێوانیان بەهێز دەکەن بۆ پەرەپێدانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق. هەردوولا باسیان لە لێکۆڵینەوەکان لە کوژرانی سەربازێکی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان و سنووردارکردنى چەک لە دەسەڵاتى دەوڵەتدا کرد. دووشەممە 14ی ئەیلولی 2026، عێراق و فەرەنسا راگەیێندراوێکی 19 خاڵیی هاوبەشیان لەبارەی سەردانی  عەلى فالح زەیدى، سەرۆکوەزیران بۆ پاریس و کۆبوونەوە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوولا تێڕوانینی هاوبەشی خۆیان بە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستووەتەڕوو، لەسەر بنەمای پابەندبوون بە رێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانی، دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی و رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی.  هەروەها هەردوولا باسیان لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و هەوڵە هاوبەشەکان کرد بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییە هەرێمییەکان و گەرەنتییکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و ئەو هەوڵەی بە نیشانەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی یاسا و سەروەری وڵات ناوبردووە.

هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بە ئاسایشی دەریایی و ئازادیی دەریاوانی دەربڕیوە و پاڵپشتییان بۆ ئەو هەوڵانە دەربڕیوە کە دەبنە هۆی بەهێزکردنی ئازادیی دەریاوانی لە تەنگەی هورمز.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوولا تاوتوێی رێککەوتنی هاوبەشی ستراتیژیی نوێیان کردووە کە ساڵی 2023 واژۆ کراوە و فەرەنسا پەسندی کردووە و بڕیارە بەم نزیکانەش عێراق پەسندی بکات.

زەیدى و ماکرۆن رێککەوتن کە هاریکاریی سەربازیی نێوانیان بەهێز بکەن، لەنێویدا پەرەپێدانی توانای هێزە عێراقییەکان لە بواری پاراستنی سنوور و پاڵپشتیکردنی سەروەریی عێراق لەدوای کۆتاییهاتنی ئەرکى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش.

عەلى فالح زەیدى ئاماژەی بە پابەندیی عێراق و حکومەتەکەی کردەوە لە بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان و سزادانی بەرپرسیارانی ئەو هێرشەی کە لە 11ی ئاداری رابردوو کرایە سەر هێزەکانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، کە بەهۆیەوە ئەفسەرێکی ئەو سوپایە کوژرا و پێنجى دیکە برینداربوون.

هەردوولا رێککەوتن لەسەر پشتبەستن بە نەخشەڕێگەیەکی ستراتیژی لەبارەی ئەو گرێبەستە پڕچەککردنانەی کە لە ئاییدەدا عێراق لە کۆمپانیا فەڕەنسییەکان دەیانکات.

زەیدى و ماکرۆن پێشوازییان کرد لە کردنەوەی ناوەندێکی تەندروستیی فەڕەنسی لە قەزای شنگال کە ئەم ساڵ تەواو بووە و لە ساڵی 2020ـەوە لەسەر بودجەی فەرەنسا دەست بە دروستکردنی کراوە.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news