دیجیتاڵ
بەشێک لەدانیشتووانی گەڕەکەکانی نزیک کۆرنیشی هەولێر لەسووتاندنی کێبڵ، زبڵ و خاشاک لەشەوان دا ناڕازین و دەڵێن، دووکەڵ و بۆنی پیس خەویان لێ دەزڕێنێت و تەندروستییان دەخاتە مەترسییەوە. لەبەرامبەر دا شارەوانیی هەولێر رایدەگەیێنێت، دەستی بەسەر چەندین ئۆتۆمبێل دا گرتووە و سزای داراییش بەسەر سەرپێچیکاران دا دەسەپێندرێت.
ئەمیر حاجی، دانیشتووی گەڕەکی رۆشنبیرییە و بەی گوت: "لەدەستپێکی وەرزی هاوینەوە بەردەوام شەوانە بۆنی سووتاندنی کێبڵ و دووکەڵی رەش دێتە ماڵەکەم."
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "کەسانێک بەماتۆڕ دێنە کەندەکانی شەقامی کۆرنیش و بەسووتاندنی کێبڵ، ئاگر لەزبڵ و خاشاکی ئەو ناوچەیەش بەردەدەن، بۆیە دانیشتووانی ناوچەکە بەردەوام دووکەڵ و گازە ژەهراوییەکانی هەڵدەمژن."
ئەمیر حاجی دەڵێت، تووشی نەخۆشی بوون و هیوا دەخوازێت شارەوانی کارێک بکات.
لەوبارەیەوە کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بەی راگەیاند: "تیمەکانیان بەردەوام بەدواداچوون دەکەن و رێگریشیان لێ کردووە؛ هەروەها دەستمان بەسەر چەندین ئۆتۆمبێل دا گرتووە."
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دەڵێت، سەرقاڵی زیادکردنی تیمەکانی بەدواداچوونی شەوانەن، بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە بنبڕ بکەن.
هاوکات ئەحمەد بەرزنجی، بەڕێوەبەری شارەوانیی چوار، بەی گوت، چەند کەسێکیان لەگەڕەکەکانی هەشتی حەسارۆک و فەرمانبەران دەستگیرکردووە کە کاری سووتاندنی وایەر دەکەن و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکانیشیان دا گیراوە.
ئەحمەد بەرزنجی رایگەیاند: "هەر کەسێک ئاگر بکاتەوە و کێبڵ بسووتێنێت، یان ئاگر لەزبڵ و خاشاک بەربدات و دەستگیربکرێت، سزای پێبژاردنی بەسەر دا دەسەپێندرێت."
بەگوتەی بەڕێوەبەری شارەوانیی چوار، بڕی ئەو سزایە لە 100 هەزار دینارەوە تاوەکو 300 هەزار دینار دەبێت.




