Skip to content
krd24.netkrd24.net

پەروەردەی دەوروبەری هەولێر دەنگۆی نەبوونی بەڕێوەبەر لە قوتابخانەیەک رەتدەکاتەوە

پەروەردەی دەوروبەری هەولێر دەنگۆی نەبوونی بەڕێوەبەر لە قوتابخانەیەک رەتدەکاتەوە

دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دەوروبەری هەولێر، دەنگۆی نەبوونی بەڕێوەبەر لە قوتابخانەی گوندی (جومکە) رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، ناوەندەکە بەڕێوەبەر و دوو یاریدەدەریشی هەیە و دەوام بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.

ئەم روونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە بەشێک لە کەسوکاری قوتابییانی گوندی جومکە لە دەوروبەری هەولێر نیگەرانیی خۆیان لە نەبوونی کارگێڕیی قوتابخانەکە و نەبوونی قۆناخی ئامادەیی لە گوندەکەیاندا دەربڕیبوو.

فەهمی سلێوە، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەوروبەری هەولێر، بە رادیۆیی راگەیاند: "ئەو دەنگۆیانەی باس لە نەبوونی بەڕێوەبەر لە قوتابخانەی گوندی جومکە دەکەن، دوورن لە راستییەوە. ئەو قوتابخانەیە بەڕێوەبەر و دوو یاریدەدەریشی هەیە، بەهۆی زۆریی ژمارەی قوتابییانیشەوە دەوامی قوتابخانەکە کراوەتە دوو دەوام و هیچ گرفتێکی کارگێڕی لەو ناوەندەدا نییە."

سەبارەت بە نەبوونی قۆناخی ئامادەیی لە گوندەکەدا، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەوروبەری هەولێر روونیکردەوە کە قوتابخانەکەی جومکە بنەڕەتییە و لە پۆلی یەک تاوەکو نۆ لەخۆدەگرێت، گوتیشی: "بەپێی سیستم، بۆ هەر پێنج بۆ شەش گوند لە شوێنێکی ناوەندی و گونجاودا قوتابخانەیەکی ئامادەیی دیاری دەکرێت؛ جێگەی تەواوی دەرچووانی پۆلی نۆی گوندی جومکە لە قوتابخانەکانی نزیک خۆیان پارێزراوە و مافی خوێندنیان دەستەبەرە."

فەهمی سلێوە جەختی لەوەش کردەوە کە هیچ کێشەیەکی کەمیی کتێب یان مامۆستا لە قوتابخانەکانی سنوورەکەیاندا نییە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی پەروەردەی دەوروبەری هەولێر، زیاتر لە 220 ناوەندی خوێندن (باخچەی ساوایان، بنەڕەتی و ئامادەیی) لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەدا هەن و بەڕووی قوتابییاندا کراوەن.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news