Skip to content
krd24.netkrd24.net

لە شەش مانگدا زیاتر لە 5.5 ملیۆن تۆن کاڵا لە کرماشانەوە گواستراونەتەوە

لە شەش مانگدا زیاتر لە 5.5 ملیۆن تۆن کاڵا لە کرماشانەوە گواستراونەتەوە

دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە پێنج ملیۆن و 550 هەزار تۆن کاڵا لە پارێزگاکەوە بۆ شار و ناوچە جیاوازەکانی ئێران گواستراونەتەوە.

عەلی سەلیمی، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای کرماشان، رۆژی دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026  راگەیاند: "لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا لە رێگەی بڕینی 356 هەزار پسووڵەی بارکردن، پێنج ملیۆن و 553 هەزار تۆن کاڵا و پێداویستی لە سنووری پارێزگاکەمانەوە بۆ شارەکانی دیکەی ئێران رەوانە کراون."

بە گوتەی سەلیمی، 164 هەزار تۆن لەو کاڵایانە کەرەستە و مادەی کانزایی بوون و نزیکەی دوو هەزار تۆنیش بە بارهەڵگری بچووک (وانێت) گواستراونەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی کرماشان ئاماژەی بە گرنگیی تۆڕی رێگەوبانی پارێزگاکە کرد و روونیکردەوە کە 92%ـی پرۆسەی گواستنەوە لە کرماشان بە رێگەی وشکانی و بارهەڵگرەکان دەکرێت؛ لە کاتێکدا تەنیا 5%ـی لە رێگەی ئاسمانی و 3%ـی لە رێگەی هێڵی شەمەندەفەرەوە دەکرێت.

پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن دانیشتووی هەیە و بە رووبەری زیاتر لە 25 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە، نزیکەی 1.5%ـی کۆی خاکی ئێران پێکدەهێنێت. ئەو پارێزگایە خاوەنی هەشت هەزار و 50 کیلۆمەتر تۆڕی رێگەوبانە، کە پێنج هەزار و 220 کیلۆمەتری رێگەی گوندەکانە و 467 کیلۆمەتریشی رێگەی خێرایە (ئۆتۆبان).

 

Source: krd24.net — Via: Rudaw

Related news