Skip to content
krd24.netkrd24.net

وەزارەتی پێشمەرگە: لەمەودوا ئەرکی عێراقە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت

وەزارەتی پێشمەرگە: لەمەودوا ئەرکی عێراقە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت

دیجیتاڵ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا نیگەرانیی خۆی بەرامبەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بەبێ دابینکردنی هیچ سیستمێکی بەرگری دەربڕی و رایگەیاند، پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵییە. رۆژی دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندراوێکی سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بڵاوکردەوە، کە بڕیارە لە 30ـی ئەیلوولدا لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بکشێنەوە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم کشانەوەیە دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان حکومەتی عێراق و ئەمریکایە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە کشانەوەکە لە کاتێکی هەستیاردایە و دۆخی ئاسایشی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرە. وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کردووە، لە کاتی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مانگەکانی رابردوودا، هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار جار رووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی بالیستیک بووەتەوە، کە بەهۆیانەوە چەندین کەس شەهید و بریندار بوون، هەروەها زیانی ماددیی زۆریشی لێکەوتووەتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەوە دەکاتەوە کە جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئاڵۆزی وادا بەبێ دابینکردنی سیستمی بەرگری، "مایەی نیگەرانییە". هاوکات دووپاتی دەکاتەوە کە پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئاسمانی عێراق، ئەرکی لەپێشینەی حکومەتی فیدراڵە کە لە کاتی پێویستدا بەرپرسیارێتییەکە بگرێتە ئەستۆ.

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی پێشمەرگە سوپاس و رێزی بۆ هاوکاری و پشتیوانییەکانی رابردووی ئەمریکا و هاوپەیمانان بەرامبەر پێشمەرگە دەربڕیوە. هەروەها دڵنیایی دەداتە خەڵکی کوردستان کە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ هەر پێشهاتێکی نوێ ئامادەن و دەتوانن لەگەڵ دۆخەکە خۆیان بگونجێنن و رووبەڕووی مەترسییەکان ببنەوە.

لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە دەکات کە وەزارەتی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق، پەیوەندییەکی ئەمنی و دەستووریی پتەوی لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە و لە کاری هاوبەش و هەماهەنگی بەردەوام دەبن.

Source: krd24.net — Via: Rudaw

Related news