Skip to content
krd24.netkrd24.net

هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی هاوسەنگکردنی بڕوانامەکان کۆدەبنەوە

هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی هاوسەنگکردنی بڕوانامەکان کۆدەبنەوە

دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لەبارەی هاوسەنگکردنی بڕوانامەکان کۆدەبێتەوە. 

چنار حاجی، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 28ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند، ئەمڕۆ شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەکات و گفتوگۆ لەسەر هاوسەنگکردنی بڕوانامەکان دەکەن. 

ئەندامەکەی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، هاوسەنگکردنی بڕوانامەکان گرفتێکی گەورەیە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لە دەرەوە دەخوێنن لەکاتی گەڕانەوەیان کێشەی هاوسەنگکردنیان بۆ دروست دەبێت، لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە، هەروەها بە پێچەوانەوە. 

شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دوێنێ یەکشەممە لە لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمان عێراق لەگەڵ شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کۆبووەوە و لەبارەی داننان بە زانکۆی گەرمیان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنان واژۆکرد. 

بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دوای گفتوگۆیەکی تێروتەسەل، هەردوولا گەیشتنە رێککەوتن لەسەر واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی پرسی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان.

د. ئاراس زەینەڵ، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، دوێنێ یەکشەممە بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند، کۆلێجەکانی خانەقینی سەر بە زانکۆی گەرمیان دەکرێنە زانکۆیەکی سەربەخۆ کە سەر بە حکومەتی عێراق دەبێ. 

سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، مەرجە سەرۆکی زانکۆ نوێکە لە خانەقین بێت؛ گوتیشی: "دوای رەزامەندیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەست بە رێکارە کارگێڕییەکان و جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەکرێ."

د. ئاراس جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم هەنگاوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر زانکۆی گەرمیان نابێت و گوتی: "دوای سەربەخۆبوونی کۆلێژەکانی خانەقین، زانکۆی گەرمیان وەک خۆی دەمێنێتەوە و هاوکات دانپێدانانی فەرمیی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە بۆ دەکرێ."

بەپێی یاداشتەکە، سەرجەم کۆلێژەکانی زانکۆی گەرمیان لە رۆژی دامەزراندنیانەوە، بە کۆلێژەکانی خانەقینیشەوە، لەلایەن حکومەتی عێراقی فیدراڵەوە دانپێدانراو دەبن.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، یاداشتەکە لەلایەن ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، دەبردرێتە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی پەسەندکردنی. 

Source: krd24.net — Via: Rudaw

Related news