Skip to content
krd24.netkrd24.net

مەسرور بارزانی: بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان بەبێ سیستمی بەرگری مایەی نیگەرانییە

مەسرور بارزانی: بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان بەبێ سیستمی بەرگری مایەی نیگەرانییە

دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە میدیای بەریتانیای راگەیاند، کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا وا دەکات هەرێمی کوردستان ئاسانتر لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بکرێتە ئامانج.

رۆژی یەکشەممە 27-09-2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەی (فاینانشیەڵ تایمز)ـی بەریتانی گوت، کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق لە هەفتەی داهاتوودا "شەرمەزارییە"و هەرێمی کوردستان بەبێ پاراستن لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێراندا جێدەهێڵێت.

مەسرور بارزانی هۆشداری دا کە کشانەوەکە لە کاتێکی زۆر ناجێگیردایە بۆ ناوچەکە.

بە گوێرەی ئاماری کۆکراوەی، لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا/ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە مانگی شوباتەوە، هەرێمی کوردستان بە 983 درۆن و مووشەک کراوەتە ئامانج.

بڕیارە تاوەکو 30ـی ئەیلوول هێزە ئەمریکییەکان و هێزەکانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبهێڵن.

مەسرور بارزانی لە هەڤپەیڤینەکەدا گوتوویەتی: "هەڕەشەکە راستەقینەیە. ئێمە لە مەترسیداین و هێرشمان دەکرێتە سەر." 

سەرۆکوەزیرانی دەڵێ: "ئێستا، بەجێهێشتنمان بە تەنیا بەبێ هیچ سیستمێکی بەرگریی گونجاو، شەرمەزارییە."

حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی خۆی نییە.

مەسرور بارزانی بە رۆژنامەکەی گوتووە: "سەقامگیریی زیاتر، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە میلیشیا بەهێزە شیعەکانی عێراق کە نزیکن لە ئێرانەوە رەتدەکەنەوە چەک دابنێن، دەتوانێت سیستمی فیدراڵیی وڵاتەکە لاواز بکات و دواجاریش هەڕەشە لەو ئۆتۆنۆمییەی کورد بکات کە بە زەحمەت لە بەغدای بەدەستهێناوە."

مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، هەرێمەکە لەژێر هەڕەشەدا دەمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی جەنگی ئەمریکا و ئێران بەردەوام بێت و دەڵێت: "ئێران پێی وایە لەبەر ئەوەی دووژمنەکانی لەم ناوچەیەدان، بۆیە ئەم ناوچەیە دەبێتە ئامانجێکی رەوا." 

مەسرور بارزانی رایگەیاندووە: "ئێمە هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاین. ئێمە هاوپەیمانێکی سەربەرزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاین."

مەسرور بارزانی هۆشداری دەدات کە ئەمریکا خەریکە ئەو هەڵەیە دووبارە دەکاتەوە لە سەردەمی باراک ئۆباما لە ساڵی 2011 کردی، کاتێک "هێزە شەڕکەرەکانی لە وڵاتەکە کشاندەوە، بۆشایی ئەمنی دروستبوو و رێگەی بە سەرهەڵدانی داعش دا."

مەسرور بارزانی گوتی: "ئەگەر دۆخی ئەمنی تێکبچێت، لەوانەیە [ئەم دۆخە] داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێننەوە. بەڵام ئەوان دەتوانن ئێستا ئەوە بکەن، بەبێ ئەوەی چاوەڕێ بکەن شتەکان خراپتر ببن."

Source: krd24.net — Via: Rudaw

Related news