Skip to content
krd24.netkrd24.net

لەسەر بەکارهێنانی فەرەنجی، داوا دەکرێت سکاڵا لەسەر براندی لوی ڤیتۆن تۆمار بکرێت

لەسەر بەکارهێنانی فەرەنجی، داوا دەکرێت سکاڵا لەسەر براندی لوی ڤیتۆن تۆمار بکرێت

دیجیتاڵ

لە بەرامبەر بەکارهێنانی دیزاینی پۆشاکی دێرینی فەرەنجیی کوردی لە یەکێک لە نمایشەکانی جلوبەرگدا بەبێ ئاماژەدان بە مێژووەکەی و کورد، داوا دەکرێت رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر کۆمپانیا و براندی بەناوبانگی جیهانیی لۆوی ڤیتۆن-LOUIS VUITTON بگیرێتەبەر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، عادل حوسێن قادر، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی گەرمیان بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند: "وەکو ئەرکێکی نیشتمانی و داکۆکیکردن لە سەرچاوەی کولتووری و کەلەپووری گەرمیان و کوردستان، داوا دەکەین رێوشوێنی پێویست لە بەرامبەر کۆمپانیای خاوەن براندی جیهانیی (لۆوی ڤیتۆن) بگیرێتەبەر، کە لە وەرزێکی نمایشی جلوبەرگدا هەمان دیزاینی (فەرەنجی)ی کوردیان دووبارە کردووەتەوە، بەبێ ناوهێنان و پیشاندانی ریشە و مێژووی ئەم پۆشاکە رەسەنە."

عادل حوسێن ئاماژەی بەوەش کرد، "فەرەنجی پۆشاکێکی مێژوویی و رەسەنی گەرمیانە و باوباپیرانمان سەدان ساڵ لەمەوپێش پۆشیویانە، هاوکات ناسنامە و لۆگۆی قەزایەکی خاوەن قوربانی و ئەنفالکراوی وەک (رزگاری)یە، بە جۆرێک لە ساڵی 2002ـەوە مۆنۆمێنتی فەرەنجی کە کاری پەیکەرتاش (بەیان مانی)یە، لەو قەزایە دانراوە و بووەتە سیمبولی ناوچەکە.

گوتیشی: "بە نووسراوی فەرمی داوامان لە وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان کردووە کە سکاڵا لەسەر کۆمپانیاکە تۆمار بکات."جگە لە گەرمیان، لە پارێزگای هەڵەبجە و لەلایەن چەندین رێکخراوی دیکەی حکومی و ناحکومی، داوا لە وەزارەتی رۆشبینیری کراوە سکاڵا تۆمار بکات. بەڕێوەبەری رۆشنبیریی گەرمیان گوتی: "ئەمرۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت قسەمان کردووە پێیان راگەیاندووین نووسراوەکە گەیشتووەتە دەستمان و کاری لەسەر دەکەین." 

بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی گەرمیان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، لە سەنگەری پیشەییانەوە بۆ پارێزگاریکردن لە ناسنامەی کولتووری و کەلەپووری کورد، کاردانەوەی یاسایی و رێکاری پێویست بەرامبەر ئەو کۆمپانیا جیهانییە بگرنەبەر تاوەکو رێگری لە بەکارهێنان و بردن و شێواندنی پۆشاک و کەلەپووری کوردی بکرێت.

فەرەنجی چییە و چۆن دروست کراوە؟ فەرەنجی، جۆرە پۆشاکێکە کە لە خوری دروست دەکرێ، تاوەکو کەمەر درێژە و شانەکانی درێژتر و بۆلای سەر دەچنەوە. زیاتر وەک بەرگێکی پۆشتە بەکاردێت و بۆ جوانی لە بۆنەی تایبەت لەبەر دەکرێت. 

زۆر جار فەرەنجی و کەپەنک تێکەڵ دەکرێت و دەگوترێت دوو ناوی یەک پۆشاکن، بەڵام لە راستیدا جیاوازن.

کەپەنک، درێژتر و پانترە، لە بەرۆکەوە بە قەیتانێک دەبەستێرێت و زیاتر بۆ خۆپاراستن لە باران و سەرما لەبەر دەکرا، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لە وەرزی سەرمادا شوان و گاوانییان دەکرد یاخود دەچوونە شوێنی دوور لە ئاوایی و لەبەر سەرمادا دەمانەوە. کەپەنک لە فەرەنجی درێژترە و تاوەکو گۆزینک (قولەقاپ) درێژە.

Source: krd24.net — Via: Rudaw

Related news