Skip to content
krd24.netkrd24.net

شەش رۆژە شاخەوانێکی خەڵکی سنە لە چیای دەماوەند بێسەروشوێنە

شەش رۆژە شاخەوانێکی خەڵکی سنە لە چیای دەماوەند بێسەروشوێنە

دیجیتاڵ

شاخەوانێکی بەئەزموونی خەڵکی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ماوەی شەش رۆژە لە کاتی سەرکەوتنیدا بۆ سەر چیای دەماوەند بێسەروشوێنە و ئۆپەراسیۆنی گەڕان بەدوایدا بەردەوامە. هاونیشتمانییەکی دانیشتووی سنە ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند، "لە رۆژی شەممە 19ی ئەیلوولەوە، شاخەوانێکی خەڵکی سنە بە ناوی 'زانکۆ قەڵعەپەرداز' لە چیای دەماوەند پەیوەندیی پچڕاوە و بێسەروشوێنە."

بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، تیمەکانی مانگی سووری ئێران، کۆمیتەی پزیشکیی شاخەوانی، تیمەکانی فریاکەوتن و شاخەوانانی کوردی نیشتەجێی تاران پێکەوە بەدوایدا دەگەڕێن؛ ئۆتۆمبێلەکەی و بەشێک لە کەلوپەلەکانی شاخەوانیی لە بناری چیاکەدا دۆزراونەتەوە.

بۆ بەشداریکردن و چاودێریکردنی راستەوخۆی پڕۆسەی گەڕانەکە، ئەمڕۆ تیمێکی تایبەت لە شاری سنەوە کە لە چەندین شاخەوانی بەئەزموون، پزیشک و پارێزەر پێکهاتوون، گەیشتوونەتە چیای دەماوەند تاوەکو هاوکاریی خێزانەکەی و تیمەکانی فریاگوزاری بکەن.

زانکۆ قەڵعەپەرداز، تەمەنی 42 ساڵە و مامۆستای زمانی ئینگلیزییە لە شاری سنە. پێشتریش چەندین جار بە تەنیا چووەتە چیای دەماوەند و گەیشتووەتە لووتکەکەی.

چیای دەماوەند دەکەوێتە پارێزگای مازەندەران لە باکووری ئێران و بەشێکە لە زنجیرەچیای ئەلبورز؛ بەرزییەکەی 5 هەزار و 610 مەترە لە ئاستی دەریاوە و بەرزترین لووتکەی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news