دیجیتاڵ
چارەنووسی 10 گەنجی کۆچبەری کورد کە لە رۆژی 05-08-2026، لە لیبیا بێسەروشوێنن، نادیارە و بڵاوبوونەوەی هەواڵی ژێرئاوکەوتنی یەختێک لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، کەسوکاریانی نیگەران کردووە.
سەردار عەبدوڵڵا، دانیشتووی قەزای رانیەیە و باوکی یەکێک لە کۆچبەرەکانە. ئەو دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا تەرمێک دەرکەوتووە کە تاتۆیەکی هاوشێوەی کوڕەکەی لەسەر سنگیەتی، دڵنیا نییە کە ئەوە کوڕی ئەو بێت.
سەردار عەبدوڵڵا بەی گوت: "راستە تاتۆیەکی لەسەر سنگ بوو، بەڵام شێوازی جەستەی بە کوڕەکەی من ناچێت. پرسە دانانێم، چونکە تاوەکو ئێستا دڵنیا نیم و تەرمی کوڕی خۆمم نەبینیوەتەوە."
کەسوکاری گەنجە کۆچبەرەکان، دەنگۆی گیانلەدەستدانی رۆڵەکانیان رەتدەکەنەوە و دەڵێن، قاچاخچییەکە پێی گوتوون کە ناویان لەنێو لیستی گیراوانی زیندانەکانی لیبیادایە.
زرار خالید، یەکێک لە کەسوکاری کۆچبەرەکان دەڵێت: "نەچوونەتە نێو ئاوەوە تاوەکو بخنکێن، بە دڵنیاییەوە گیراون."
ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپاوە، زانیاریی زیاتر لەبارەی دەستگیرکردنیان دەخاتەڕوو و دەڵێت: "ئەوان بەڵگەیان لەبەردەستە کە لە زیندانێکن بەناوی 'تاجورا' و لەلایەن لیوای 111، فەوجی 51ـەوە دەستگیرکراون."
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی ئیدارەی راپەڕین، لە چەند ساڵی رابردوودا زیاتر لە 500 کۆچبەر لە لیبیاوە گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، کە زۆربەیان خەڵکی سنووری ئیدارەی راپەڕین بوون.




