دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ماوەی سوودمەندبوون لە داشکاندنی قەرزی کارەبا تاوەکو 18ـی تشرینی یەکەم درێژ بکاتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرا و سەرۆکوەزیران رایگەیاند، دەبێت پێشمەرگە ببێتە "سوپایەکی نیشتمانی."
رۆژی چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی راگەێندراوی کۆبوونەوەکە، لە بڕگەیەکی کۆبوونەوەکەدا کە تایبەت بوو بە قەرزی کارەبا، ئەنجوومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ بڕیاریدا ماوەی سوودمەندبوون لە داشکاندنی قەرزە کۆنە کەڵەکەبووەکانی کارەبا لە 24ـی ئەیلوولەوە تاوەکو 18ـی تشرینی یەکەمی 2026 بەهەمان مەرج و بڕگەکانی پێشوو درێژ بکاتەوە. ئامانج لەم بڕیارە "سووککردنی بارگرانیی دارایی سەر شانی هاووڵاتییان و دابینکردنی پێداویستییەکانی وەزارەتی کارەبایە."
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پرۆسەی رێکخستن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە کرا. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پرۆسەکەی بە "دەسکەوتێکی مێژوویی و نیشتمانی"وەسفکرد و گوتی: "یەکخستنەوە تەنیا رێکخستنەوەی یەکە سەربازییەکان نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی دامەزراوەییە بۆ رێکخستنی هەموو هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و یەک فەرماندەیی؛ بەجۆرێک پێشمەرگە ببێتە سوپایەکی نیشتمانی کە ئامانجی سەرەکیی بەرگریکردن بێت لە خاک و خەڵکی کوردستان."
لە راگەیێندراوکەەدا هاتووە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێداگریی لەسەر بەردەوامیی پرۆسەی چاکسازی کرد و گوتی، پێویستە مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ دامەزراوەکانی بەرگریی عێراق یەکسان بکرێن.
بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران شاندی باڵای دانوستانکاری راسپارد تاوەکو لە دانوستانەکانی بودجەی ساڵی 2027ـدا بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان بۆ جێگیرکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی عێراقدا، هاوشێوەی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵ.
نوێدەکرێتەوە...




