Skip to content
krd24.netkrd24.net

بۆچی کرێچیی کورد لە هەولێر بەزەحمەت خانووی دەستدەکەوێت؟

بۆچی کرێچیی کورد لە هەولێر بەزەحمەت خانووی دەستدەکەوێت؟

دیجیتاڵ

لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەکرێگرتنی خانووبەرە لە هەولێر، ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان سکاڵایان هەیە کە خاوەن ماڵەکان بەهۆی پابەندنەبوون بە گرێبەست و دواکەوتنی پارەی کرێ، خانووەکانیان نادەنە هاونیشتمانییانی کورد و لەبری ئەوان بە کرێچیی عەرەبی دەدەن.

شەعبان هەولێری، هونەرمەندی کۆمیدیا، یەکێکە لەو کەسانەی کە دوای دوو مانگ گەڕان، بە زەحمەت توانیویەتی خانوویەکی بۆ کرێ دەستبکەوێت. ئەو دەڵێت: "شەو و رۆژ دەگەڕام، کەس نەما پێی نەڵێم، بەڵام دەستم نەکەوت. تەواو بێئومێد بووم. یەکێک پێی گوتم، عەگالێک لەسەر بکە یان بە عەرەبی قسە بکە، یەکسەر خانووت دەستدەکەوێت."

خاوەن نووسینگەکانی خانووبەرە پشتڕاستی ئەو بۆچوونە دەکەنەوە و هۆکارەکانی بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێننەوە.

هەڤاڵ قاسم، خاوەن نووسینگەی خانووبەرە، دەڵێت: "بەداخەوە، ئێستا ئەولەویەت بۆ عەرەبەکانە، چونکە مووچەکەی لە کاتی خۆیدا وەردەگرێت و سەرت نایەشێنێت. پابەندە بە گرێبەست و هەرکاتێک بتەوێت، لە کاتی خۆیدا خانووەکە چۆڵ دەکات."

عومەر رەزا، خاوەن نووسینگەیەکی دیکەیە و دەڵێت، متمانە بە کرێچیی کورد کەم بووەتەوە. ئەو باس لەوە دەکات: "کابرای عەرەب فەوری خانووی دەستدەکەوێت، بەڵام کورد نایدەنێ، چونکە خاوەن خانووەکە دەڵێت سەری دێشێت. کرێی کارەبا و ئاو نادات و ئەگەر کارتی بە خانووەکەوە بێت، چۆڵی ناکات."

بەپێی دوایین ئاماری سەرژمێریی ساڵی 2024ـی عێراق، 186 هەزار و 272 هاووڵاتیی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە پارێزگای هەولێر نیشتەجێن، کە نزیکەی 6%ـی دانیشتووانی پارێزگاکە پێکدەهێنن.

هاوکات، دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بازاڕی بەکرێدانی خانووی زیاتر گەرم کردووە و خواست و نرخیشی بەرزکردووەتەوە.

محەممەد سەعید، خاوەن نووسینگەی خانووبەرە، ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێک لە کرێچییەکان بەهۆی گرانبوونی کرێوە، خانووەکان چۆڵ دەکەن و دەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان. ئەو دەڵێت: "پسووڵەی زۆرم لایە، کابرا دەڵێ کرێم پێ نادرێت. بۆ نموونە، ئەگەر 800 هەزار دینار بداتە کرێ و پارەی کارەبا و خەرجیی دیکە، چۆن بەڕێوەدەچێت؟"

بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی، پێشتر کەمترین کرێی خانووبەرە لە هەولێر لەنێوان 350 بۆ 400 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا نرخەکان بۆ 450 تاوەکو 600 هەزار دینار بەرزبوونەتەوە.





Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news