Skip to content
krd24.netkrd24.net

جەعفەر شێخ مستەفا: هەر هێزێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بێت میلیشیایە

جەعفەر شێخ مستەفا: هەر هێزێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بێت میلیشیایە

دیجیتاڵ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆی بە "رۆژێکی مێژوویی"ناوبرد بەهۆی یەکخستنی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدا، هاوکات جەختی کردەوە کە لەمەودوا هیچ هێزێکی حیزبی نامێنێت و هەر چەکدارێک لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەت بێت، وەک "میلیشیا"و "بەکرێگیراو"هەژمار دەکرێت. جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، رایگەیاند ئەم هەنگاوە دەستپێکی دروستکردنی سوپایەکی مۆدێرن و یەکگرتووە و گوتی: "بۆ ئەو یەکخستنەوەیە وەک میلاک 138 یان 139 هەزار پێشمەرگە دانراوە، بەڵام ئەوە میلاکەکەیە و رەنگە ئەمڕۆ نزیکەی 100 هەزار پێشمەرگە بچنە ناو ئەم رێکخستنەوە". 

جەعفەر شێخ مستەفا، روونیکردەوە کە کاری حیزبی لەناو هێزی پێشمەرگەدا بە تەواوی قەدەخەیە و نابێت چەکدار بۆ ململانێی سیاسی بەکاربهێنرێت. لەبارەی دۆخی دارایی و مافەکانیش گوتی: "ئێستا تەواوی هێزی پێشمەرگە لە 'هەژماری من'دان و هیچ پێشمەرگەیەک لە دەرەوەی ئەو سیستمە نەماوەتەوە". بە گوتەی ناوبراو، لەمەودوا یەک بودجە، یەک یەکەی ژمێریاری و جلوبەرگی یەکپۆش دەبێت.

جەعفەر شێخ مستەفا، باسی لەوەش کرد هێزی پێشمەرگە لە دەستووری عێراقدا وەک "پاسەوانی هەرێم"جێگیر کراوە، بۆیە جیاوازە لە گرووپەکانی دەرەوەی دەوڵەت و پێویستە مووچەکەی لەگەڵ سەربازێکی سوپای عێراقدا یەکسان بکرێت. سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانان دەڵێت، پرۆسەکە بە دڵی ئەوان و بەپێی یاداشتنامەکانی نێوانیانە، بەڵام جەختی کردەوە: "دەبێت پشت بە خۆمان ببەستین چونکە ئەو هێزانەی هاوپەیمانان تاوەکو کۆتایی دنیا لێرە نامێننەوە بۆ ئەوەی ئێمە بپارێزن". ناوبراو روونیشیکردەوە کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە رێککەوتن لەگەڵ عێراق سیستەمی بەرگری بکڕێت.

جەعفەر شێخ مستەفا، هۆشداری دا لەوەی چەکدارانی داعش لە بۆشاییە ئەمنییەکان وەک مەفرەزە ماون و شانەی نووستووشیان هەیە، هەروەها ئاشکرای کرد: "لەم رۆژانەدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 20 کەسیان دەستگیر کران کە لەو شانە نووستووانە بوون"و ئەوەی زانراوە سەرجەمیان کوردن.

دەقی هەڤپەیڤینەکە:  : لەئەمڕۆوە دەتوانین بڵێین هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکخراوەتەوە؟ لە ئەمڕۆوە هەموو هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەبن؟ جەعفەر شێخ مستەفا: لە راستیدا پێش هەموو شتێک، وەک جەنابیشت گوتت ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە. پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم بەبۆنەی ئەم رۆژە پیرۆزەوە؛ چونکە بەڕاستی هەموو خەڵکی کوردستان چاوەڕێی ئەوە بوون رۆژێک لە رۆژان هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی سوپایەکی پێشمەرگەی یەکگرتوو. ئەمە دەستکەوت و بەرهەمی خوێنی شەهیدانمان، کەمئەندامانمان، تەواوی هێزی پێشمەرگە و هەموو گەلی کوردستانە. وەک هەنگاوی یەکەم، ئەمە هەنگاوێکی مێژوویی و زۆر گرنگە کە ئەمڕۆ هەموو هێزی پێشمەرگە دەچێتە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە و ملکەچی یاسا و رێنماییەکانی دەبێت. بەڵام بەمە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کۆتایی نایەت؛ ئەمە وەک گوتمان هەنگاوی یەکەمە. هەتا هێزی پێشمەرگە هەبێت، پێویستی بە چاکسازی و پێداچوونەوە دەبێت. هێزی پێشمەرگە لەمەودوا زیاتر پێویستی بەوەیە مەشقی پێ بکرێت، پێداویستیی بۆ دابین بکرێت، پڕچەک بکرێت و بەگوێرەی ئەو واقیعەی دێتە پێشەوە، گۆڕانکاریی پێویستی تێدا ئەنجام بدرێت.

: قۆناخی دوای ئەمە چییە؟ واتە ئێستا کە هێزی پێشمەرگە یەکخرا، قۆناخی وردی دوای یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە چییە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: لە راستیدا، پێداچوونەوەیە بە رێکخستنەکە و بەردەوامیدانە بە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە. پێویستی بە مەشقێکی چڕوپڕ و پڕچەککردن هەیە؛ دابینکردنی ئەو چەکانەی ئەمڕۆ بۆ بەرگریکردن پێویستن، دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکان، هەروەها دەوڵەمەندکردنی هێزەکە بە کادیری ئەکادیمی، لێهاتوو و بەتوانا.

: ئێستا ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە چەندە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیاییەوە بۆ ئەو یەکخستنەوەیە وەک میلاک 138 یان 139 هەزار پێشمەرگە دانراوە، بەڵام ئەوە میلاکەکەیە. رەنگە ئەمڕۆ نزیکەی 100 هەزار پێشمەرگە بچنە ناو ئەو رێکخستنەوە.

: ئەم یەکخستنەوەیە تەنیا بۆ هێزەکانی پارتی و یەکێتییە یان بۆ هێزەکانی دەرەوەی ئەو دوو حیزبەشە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: نابێت هیچ هێزێکی هیچ حیزبێک بمێنێتەوە، نابێت هیچ هێزێک لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان بمێنێت. هەموو ئەو هێزانەی لە هەرێمی کوردستان و سنووری هەرێمی کوردستاندان، دەبێت ملکەچی یاسا و رێنماییەکان بن.

: ئێستا جگە لە پارتی و یەکێتی، هەندێک حیزبی دیکەش هێزی پێشمەرگەیان هەیە؛ دەبینین کاکە حەمە مانۆڕی سەربازییش دەکات، ئایا هەموو ئەو هێزانەش دێنە چوارچێوەی ئەم یەکخستنەوەیە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: پێم وایە ئەو هێزانەش پێشتریش یان سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بوون یان هاتوونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام هەر لەژێر کۆنترۆڵی حیزبدا بوون. لەمەودوا دەبێت ئەوانە نەمێنن؛ چ لەسەر وەزارەتی ناوخۆ بن و چ لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە، دەبێت یەک سەرکردایەتی، یەک فەرماندە و یەک ناوەندیان بۆ ئاراستەکردن، رێکخستن و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان هەبێت.

: لەمەودوا مانۆڕی سەربازیی حیزبی نابینین؟ جەعفەر شێخ مستەفا: لە واقیعدا نابێت هەبێت؛ هەر لایەنێکیش بیکات، بە مانای دەرچوونە لە یاسا و لە بڕیارەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

: نابێت لەمەودوا پێشمەرگەی حیزب هەبێت؟ جەعفەر شێخ مستەفا: نابێت پێشمەرگەی حیزب بمێنێت. کاتێک دەچێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، نابێت بە هیچ شێوەیەک لەناو رێکخستنەکاندا هیچ رەنگدانەوەیەکی حیزبایەتی هەبێت، بەڵکو دەبێت رەنگدانەوەی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەبێت. لە دەرەوە هەر کەسێک ئازادە سەر بە چ حیزبێک بێت، بەڵام لەناو هێزی پێشمەرگەدا بە گشتی، رێکخستن و هەموو دیاردەیەکی حیزبایەتی قەدەخەیە.

: ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا باسی ئەوەی کرد کە نابێت هێزی پێشمەرگە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی سیاسی بەکاربهێنرێت، ئایا هەرێمی کوردستان ئەو قۆناخەی تێپەڕاندووە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: پێم وایە دەبێت تێیپەڕێنین؛ نابێت بە هیچ شێوەیەک لەناو هێزی چەکدار، لەناو هێزی پێشمەرگە و لەناو هیچ سوپایەکدا سیاسەت رەنگ بداتەوە. چونکە ئەو هێزە هی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هی خەڵکی کوردستانە، نابێت هی هیچ حیزبێک بێت. وەک لە وڵاتانی پێشکەوتووی ئەورووپا و ئەمریکادا دەبینرێت، هەڵبژاردن دەکرێت و لەگەڵ گۆڕانکاریی حیزبەکان لە دەسەڵاتدا، سوپا وەک دامەزراوەیەکی نیشتمانی ئەرکەکەی جێبەجێ دەکات و کاریگەریی سیاسیی لەسەر نییە. بۆیە بە هیچ جۆرێک نابێت دەستوەردانی سیاسی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا هەبێت؛ دەبێت یەکڕەنگ، یەکدەنگ و یەکسەنگەر بن.

: گۆڕینی ناوی یەکەی 70 و یەکەی 80 بۆ دەڤەری 1 و دەڤەری 2 و گۆڕینی ناوی لیواکان، تەنیا گۆڕینی ناوە یان ئەرکەکانیشیان دەگۆڕێت؟ جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیاییەوە هەموو شتێکیان دەگۆڕێت؛ ئەرکەکانیان دەگۆڕێت و لە هەموو بوارەکاندا وەک سوپایەکی پێشمەرگەی یەکگرتوو هەڵسوکەوت دەکەن. لەمەودوا وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بەرپرسی راستەوخۆی ئەوان دەبن.

: جەنابت وەزیری پێشمەرگەش بوویت، پرسی یەکەی ژمێریاری یەکێک بوو لە کێشەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە، چارەسەر بوو؟ جەعفەر شێخ مستەفا: هەموو ئەوانە بەم یەکخستنەوەیە چارەسەر دەبن. ئێستا دەبێت یەک بودجە و یەک یەکەی ژمێریاری بۆ هەموو هێزەکانی پێشمەرگە هەبێت؛ لە وەزارەتەوە بۆ دەڤەرەکان، لە دەڤەرەکانیشەوە بۆ فیرقە و لیواکان.

: جیاوازی هەیە لەنێوان مووچەی پێشمەرگە لە دەڤەرێکەوە بۆ دەڤەرێکی دیکە، یان لە لیوایەکەوە بۆ لیوایەکی دیکە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: هیچ جیاوازییەک نامێنێت؛ دەبێت ئەرک و مافیان یەکسان بێت. ئێستاش مووچە یەکە، بەڵام ئەگەر جیاوازی یان کەموکووڕییەکیش هەبێت، لەمەودوا نامێنێت و لە ئەرک و مافدا وەک یەک دەبن.

: جلوبەرگ چۆنە، لەمەودوا جلوبەرگی هێزی پێشمەرگە یەکپۆش دەبێت؟ جەعفەر شێخ مستەفا: هەموو شتێک یەک ناوەندی بڕیاری دەبێت؛ بۆیە لەڕووی جلوبەرگ، بودجە، مەشق، ئەرک و مافیشەوە هەمووی یەک دەخرێت.

: ئایا تەواوی هێزی پێشمەرگە لە پرۆژەی "هەژماری من"تۆمار کراون و مووچەکانیان بە ئەلیکترۆنی کراوە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: پێم وایە ئێستا تەواوی هێزی پێشمەرگە لە "هەژماری من"دان و هیچ پێشمەرگەیەک لە دەرەوەی ئەو سیستمە نەماوەتەوە.

: ئەوە تێپەڕی کە بگوترێت ئەم هێزە سەر بە فڵان کەس یان لایەنە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: دەبێت نەمێنێت؛ چونکە ئەم پرۆسەیە جیاکاریی تێدا نییە کە بگوترێت ئەمە هێز یان لیوای فڵان لایەنە. هەموویان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن و وەزارەت لێیان بەرپرسە. هەر هێزێک لە دەرەوەی ئەم رێکخستنەوەیە بمێنێتەوە، بە هێزی پێشمەرگە و هێزێکی نیشتمانی دانانرێت، بەڵکو دەتوانم بڵێم بە بەکرێگیراو(مورتەزەقە) هەژمار دەکرێت.

: لەئەمڕۆوە هەر هێزێک... جەعفەر شێخ مستەفا: لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا نەبێت و ملکەچی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەت نەبێت، میلیشیایە.

: باسی میلیشیات کرد کاک شێخ؛ هەندێک لە هێزەکانی دەرەوەی یاسا لە عێراقدا کە ئێستا دەبێت چەک دابنێن، یەکێک لە مەرجەکانیان پێشمەرگەیە و دەڵێن دەبێت پێشمەرگەش چەک دابنێت. جەعفەر شێخ مستەفا: پێشمەرگە بەراورد بەوان ناکرێت، ئەوە موزایەدەی شەخسییە. هێزی پێشمەرگە لە دەستووری عێراقدا چەسپێنراوە؛ هەر هەرێمێک لە عێراقدا دروست ببێت، خاوەنی پاسەوانی هەرێمە. لە هەرێمی کوردستان کە یەکەم هەرێمە لە عێراقدا، بەپێی دەستوور و رێککەوتنەکان پێشمەرگە وەک پاسەوانی هەرێم دیاری کراوە. کاتی خۆی ئێمە لەگەڵ کاک کەریم سنجاری و وەزارەتی بەرگریی عێراق دانیشتین، یەکێک لە رێککەوتنەکان ئەوە بوو کە پاسەوانی هەرێم لە کوردستاندا بریتییە لە هێزی پێشمەرگە.

: پاسەوانی هەرێم لە دەستووریشدا ئاماژەی پێکراوە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: بەڵێ، دەستوورییە.

: بەڵام لە مووچە و ئیمتیازاتدا جیاوازی هەیە لەگەڵ سوپای عێراق، هەوڵتان نەداوە ئەمە رێکبخەنەوە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: دەبێت هەوڵی ئەوە بدرێت؛ چونکە هێزی پێشمەرگە ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە. تەنانەت لە کوردستانیشدا مووچەی ئاسایش و پۆلیس دوو هێندەی پێشمەرگەیە، لە کاتێکدا ئەرکی پێشمەرگە قورسترە. بۆیە دەبێت مووچەی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ سەربازێکی سوپای عێراقدا یەکسان بکرێت.

: وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێکی داوە کە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان چەکەکانیان نەبەنەوە ماڵەوە، بەتایبەت کە بەشێکیەکانی کوشتن بەو چەکانە دەکرێت. ئایا ئەم بڕیارە لە وەزارەتی پێشمەرگەش جێبەجێ دەکرێت؟ جەعفەر شێخ مستەفا: لە هەموو جیهاندا هێزی چەکدار کاتێک ملکەچی یاسا و سیستم بوو، لە شوێنی ئەرکەکەی چەکی پێ دەدرێت و دوای تەواوبوونی ئەرکەکەشی چەکەکەی دەگەڕێنێتەوە کۆگەی چەک. بۆیە وەزارەتی پێشمەرگە بێت یان وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش، نابێت بە هیچ جۆرێک چەک ببرێتەوە ماڵەوە.

: ئایا کار بۆ ئەمە کراوە لەناو هێزی پێشمەرگەدا؟ جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیاییەوە کاری لەسەر دەکرێت. لەمەودوا کە دەگوترێت هەمووی ملکەچی یاسا و سیستمە، دەبێت بنکەی سەربازی و کۆگەی چەکیان هەبێت و رێسا سەربازییەکان بەسەریاندا جێبەجێ بکرێن.

: لە قسەکانتەوە وا تێدەگەم لەمەودوا ئێمە سوپایەکی زۆر پێشکەوتوو، راهێنراو و خاوەن دیسپلین لە چوارچێوەی یاساکاندا دەبینین، وا دەبێت؟ جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیاییەوە دەبێت وا بێت؛ دەبێت هێزێکی یەکگرتوو بێت، ملکەچی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بێت، سوپایەکی مۆدێرن بێت لە هەموو روویەکەوە و تەواوی پێوەرەکانی سوپایەکی مۆدێرنی تێدا بێت.

: لە سوپای مۆدێرندا بەرزکردنەوەی پلە بەپێی یاسا و قەبارەی سوپایە. گلەیی ئەوە دەکرێت پلەباڵا لەناو هێزی پێشمەرگەدا زۆرە، ئەمە چۆن چارەسەر دەکرێت؟ جەعفەر شێخ مستەفا: ئەوە واقیعێکە؛ چونکە ئەم تێکۆشەرانە لە تەمەنی 17 یان 18 ساڵییەوە بوونەتە پێشمەرگە و بۆ پاراستنی مافەکانیان بەپێی ساڵانی خزمەت پلەی سەربازییان وەرگرتووە. بەڵام پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن؛ دەبێت ئەو تێکۆشەرانە بەو پلە شایستەیەی هەیانە خانەنشین بکرێن، بۆ ئەوەی ئەو قەرەباڵخییەی لە پلەباڵاکاندا هەیە نەمێنێت.

: جیاوازی لە چەک و پڕچەککردندا لەنێوان هێزەکاندا هەیە، ئەوە چارەسەر دەکرێت؟ جەعفەر شێخ مستەفا: دەبێت یەک سوپامان هەبێت؛ نابێت هیچ جیاوازییەک لە جلوبەرگ، چەک، ئەرک و مافدا بمێنێت، ئەگەر جیاوازی بمێنێت مانای ئەوەیە یەکمان نەگرتووەتەوە.

: ئەم پرۆسەیە چەند ساڵی دیکە دەخایەنێت؟ جەعفەر شێخ مستەفا: لە ئێستاوە دەبێت دەست پێبکرێت؛ ناتوانی کاتێکی دیاریکراوی بۆ دابنێیت، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەمە دەستپێکێکە و نابێت هیچ رێگرییەکی لەبەردەمدا بێت.

: ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ نرا بە دڵی هاوپەیمانان و دۆستەکانتانە و لێی رازین؟ جەعفەر شێخ مستەفا: وەک هەنگاوی یەکەم بە دڵی هاوپەیمانان، دۆستەکانمان و هەموومانە؛ چونکە هەموو کارێک لە هەنگاوی یەکەمەوە دەست پێدەکات.

: هیچ تێبینییەکیان لەسەر ئەم یەکخستنەوەیە نەبوو؟ جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵیانە. ئەمە بەرنامەی ئەوانیشە بەپێی ئەو یاداشتنامانەی لەگەڵ ئەمریکییەکان و راوێژکارانی ئەو دەوڵەتانەی بەشدارن لە چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە کراون. بەرنامەکە ئەوەیە کە دەڤەر و فیرقەکان دروست بکرێن و تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە بچنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.

: بڕیار وایە لە 30ـی مانگ هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بکشێنەوە، راوێژکارەکانیان لەگەڵ ئێوەدا دەمێننەوە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارە نییە؛ بەڵام پێم وایە ئەگەر لە سوپای عێراقدا راوێژکارەکانیان بمێننەوە، بە دڵنیاییەوە لە هەرێمی کوردستان و لەناو هێزی پێشمەرگەشدا دەمێننەوە.

: بۆچوونی ئێوە چییە، داواتان کردووە بمێننەوە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: ئێمە هەمیشە پێویستیمان پێیانە. ئەو سوپایانەی 100 ساڵە دامەزراون پێویستیان بە راوێژکارە، ئێمە کە هێشتا سەرەتامانە زۆر زیاتر پێویستمان پێیانە.

: سەرەتامانە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: سەرەتامانە و زۆریش پێویستمانە.

: سەرەتامانە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: سەرەتای یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دروستکردنی سوپای پێشمەرگە؛ ئەمە قۆناخی یەکەمە.

: داواتان لێکردوون بمێننەوە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیاییەوە هەوڵ دراوە و قسەیان لەگەڵ کراوە، دەبێت سەرەتا لەگەڵ عێراق و دواتریش لەگەڵ هەرێمی کوردستان لێکتێگەیشتن هەبێت.

: بۆچوونت چییە بۆ دۆخی ئەمنیی عێراق دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان؟ جەعفەر شێخ مستەفا: پێم وایە ئەو نائارامییەی چاوەڕوان دەکرێت بەو شێوەیە روونادات.

: تێکناچێت؟ جەعفەر شێخ مستەفا: بڕوام نییە دۆخەکە تێکبچێت.

: هێشتا زۆر گرووپ لە دەرەوەی دەوڵەتن و چەکیان پێیە، مەترسی نابن بۆ سەر ئاسایشی عێراق؟ جەعفەر شێخ مستەفا: ئەوانە دەبێت خۆیان یەکلا بکەنەوە؛ یاخود دەبێت ملکەچی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق بن، یاخود وەک هێزێکی دژ بە حکومەت دەمێننەوە، ئەو کاتەش دەبێت حکومەتی عێراق یەکلاییان بکاتەوە.

: لە کاتی کشانەوەیاندا مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش نابێت؟ جەعفەر شێخ مستەفا: داعش بوونی هەیە؛ ئەوەی دەگوترێت نەماوە، راستە تووشی شکست بووە، بەڵام تاوەکو ئێستاش لە قۆناخی متبووندایە. لەو بۆشاییانەی لەنێوان هێڵەکانی بەرگریی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەن، لە قەرەچووغ، کەرکووک و شوێنەکانی دیکە داعش بوونی هەیە.

: مەفرەزەن؟ جەعفەر شێخ مستەفا: بەڵێ، وەک مەفرەزە رۆژانە دەبینرێن. جگە لەوەش شانەی نووستوویان لەناو شارەکاندا هەیە. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، جاری وا هەیە بۆ گۆڕینی هێزەکانیان، بەبێ چەک دێنە ناو شارەکان بۆ پشوو.

: هێزی داعش؟ جەعفەر شێخ مستەفا: بەڵێ داعش.

: دێنە ناو شارەکان بۆ پشوودان؟ جەعفەر شێخ مستەفا: بەڵێ دێنە ناوشارەکان بۆ پشوودان.

: لە هەرێمی کوردستانیش؟ جەعفەر شێخ مستەفا: نەخێر.

: شانەی نووستوویان نییە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: لە هەموو شوێنێک بە شاراوەیی شانەی نووستوویان هەیە.

: ماویانە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: ماویانە.

: بۆچی دەستگیر نەکراون، مەترسیدار نین؟ جەعفەر شێخ مستەفا: هێزە ئەمنییەکان گورزیان لێ دەوەشێنن. ئەوەتا لەم رۆژانەدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 20 کەسیان دەستگیر کران کە لەو شانە نووستووانە بوون.

: هەموویان کوردن؟ جەعفەر شێخ مستەفا: بەڵێ کوردن.

: مەترسی نین ئەمانە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر ئاسایش و ژیانی خەڵک.

: کە هاتوونەتەوە بۆ پشوودان دەستگیرکراون؟ جەعفەر شێخ مستەفا: نەخێر، ئەمانە هەر لێرە دروستکراون.

: ئایا پیلانیان هەبووە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیاییەوە بێ پلان نین، بەڵام سەبارەت بە دانپێدانان و وردەکارییەکان دەبێت لە ئاسایش بپرسرێت؛ چونکە ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن ئاسایشەوە کراوە و هەموو پەڕاوەکانیان لەلای ئاسایشە.

: هەموویان کوردن؟ جەعفەر شێخ مستەفا: بەڵێ ئەوەی من بیستوومە هەموویان کوردن.

: هیچیان پێوەگیراوە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: ئەوە دەبێت لە ئاسایش بپرسیت.

: کاتێک هاوپەیمانان دەکشێنەوە، سیستەمی بەرگرییەکەش دەبەنەوە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: ئەوەی بیستوومە دەیبەنەوە، لە هەولێر لەبەرئەوەی کۆنسوڵخانەی گشتییان هەیە، رەنگە بۆ پاراستنی کۆنسوڵخانەکەیان سیستەمی بەرگری بهێڵنەوە.

: هێشتا لە هەولێر نەیانکشاندووەتەوە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: لە هەولێر ماوە تاوەکو ئێستا.

: ئەگەر کشانەوە، هەرێمی کوردستان چۆن بەرگری لە خۆی دەکات؟ جەعفەر شێخ مستەفا: هەرێمی کوردستان نابێت تەنیا پشتی بەوە قایم بێت کە هاوپەیمانان تا هەتایە لە کوردستان بمێننەوە و بمانپارێزن؛ چونکە هیچ گرەنتییەک لەوبارەیەوە نییە. دەبێت پشتمان بە خۆمان ببەستین، بەتایبەت دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگە یەک دەگرێتەوە. دەبێت پشت بە خۆمان ببەستین چونکە ئەو هێزانەی هاوپەیمانان تاوەکو کۆتایی دنیا لێرە نامێننەوە بۆ ئەوەی ئێمە بپارێزن.

: هەرێمی کوردستان لەڕووی یاساییەوە دەتوانێت سیستەمی بەرگری بکڕێت؟ عێراق رێگەی پێدەدات؟ جەعفەر شێخ مستەفا: بەڵێ دەتوانین بیکڕین؛ چونکە ئێمە بەشێکین لە عێراق و بەشێکین لە سیستەمی بەرگریی عێراق. لەبەر ئەوە دەتوانین بە رێککەوتن لەگەڵ عێراق و بەپێی یاسا، هەموو ئەو چەکانەی بۆ بەرگریی هەرێمی کوردستان پێویستن بکڕین.

: بڕیار بوو عێراق سیستەمی بەرگری بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان بنێرێت، نەیانناردووە؟ جەعفەر شێخ مستەفا: ئێمە بەشێکین لە عێراق، بۆیە دەبێت عێراق لە هەموو روویەکەوە بەرپرسی یەکەم بێت لە پاراستنی ئاسایش. بەپێی دەستوور زۆر ئەرک هەن کە عێراق لێیان بەرپرسە نەک هەرێمی کوردستان.

: ئایا مەراسیمەکەی ئەمڕۆ و یەکخستنەوەی هێزەکان، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، مەسروور بارزانی، قوباد تاڵەبانی و فەرماندەکانی پێشمەرگە، کاریگەریی لەسەر دۆخی سیاسی دەبێت؟ جەعفەر شێخ مستەفا: هەر هەنگاوێکی لەم جۆرە کاریگەریی گەورەی لەسەر دۆخی سیاسی دەبێت، بەتایبەتی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە گەورەترین کاریگەریی دەبێت. لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبینین کە چەندە لەڕووی سیاسی و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانەوە کاریگەریی دەبێت.

: زۆر سوپاس بۆ جەنابت شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

 

 جەعفەر شێخ مستەفا: زۆر سوپاس.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news