Skip to content
krd24.netkrd24.net

کوردێک بووە بەڕێوەبەری پەروەردەی خورماتوو

کوردێک بووە بەڕێوەبەری پەروەردەی خورماتوو

  دیجیتاڵ

کوردێک کرایە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای خورماتوو لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین و  دەڵێ: "سبەی دووشەممە بە فەرمی دەستبەکار دەبم".

بەگوێرەی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای سەلاحەدین، کە پاڵپشتە بە فەرمانی وەزاری لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق و رۆژی یەکشەممە، 20ی ئەیلوولی 2026 دەرچووە، (ئاریان سابیر خزر ئەحمەد) لە شوێنی (نەزیر عەلی حەمەد) کە بە نەتەوە عەرەب بوو، بە وەکالەت کرایە بەڕێوەبەری پەروەردەی خورماتوو.

ئاریان سابیر، بەڕێوەبەری نوێی پەروەردەی خورماتوو، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند: "نووسراوەکە گەیشتووەتە پەروەردەی خورماتوو و سبەی بە فەرمی دەستبەکار دەبم."

لە دوایەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، ئەو پۆستە لە کورد وەرگیرابووەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی، پۆستەکە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە، بەڵام داویەتی بە حیزبی شیوعیی کوردستان. 

قەزای خورماتوو، دەکەوێتە سنووری پارێزگای سەلاحەدین، یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. 

بەڕێوەبەری نوێی پەروەردەی خورماتوو کێیە؟ ئاریان سابیر خزر ئەحمەد، لەدایکبووی ساڵی 1989یە، خێزاندارە و 15 ساڵ خزمەتی هەیە لە بواری پەروەردەدا، 11 رۆمان و کتێبی چیرۆکی بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی چاپ و بڵاو کردووەتەوە. 

2010 بەشی تورکی لە کۆلیژی پەروەردەی زانکۆی کەرکووک تەواوکردوە. 2011 دامەزراوە. ئەندامی یەکێتیی مامۆستایانە و ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندییە لە یەکێتیی گشتیی ئەدیب و نووسەرانی عێراق. هاوکات ئەندامی حیزبی شیوعیی کوردستانیشە.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news