Skip to content
krd24.netkrd24.net

پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان ئاسایی بووەوە

پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان ئاسایی بووەوە

دیجیتاڵ

دوای ئاساییبوونەوە دۆخی بەرهەمهێنانەوەی گاز، دوو رۆژە کارەبای نیشتمانی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، بە جۆرێک لە بەشێکی ناوچەکان گەیشتووەتە 24 کاژێر.

رۆژی یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند: "دوو رۆژ پێش ئێستا لە هەندێک شوێن 10 کاژێر کارەبای موەلیدەمان دەدا، بەڵام دوو رۆژە کارەبای نیشتمانی زۆر باش بووە، ئێستا رۆژانە تەنیا پێنج تاوەکو شەش کاژێر موەلیدە هەڵدەکەین و ئەوەی دیکە هەمووی کارەبای نیشتمانییە".

سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر داوایەک ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار دەکات و دەڵێ: "تەنیا یەک کێشەمان هەیە، داوا دەکەین وەزارەتی کارەبا خشتەیەکی دیاریکراومان بۆ دابنێت بۆ کارکردنی موەلیدەکان".

هەکار هرووری، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بەی گوت: "پێش ئەو دوو رۆژ، کارەبا زۆر خراپ بوو، بەڵام دوێنێ و ئەمڕۆ هیچ کارەبا نەبڕاوە و کارەبای نیشتمانی 24 کاژێرییە و هیچ کێشەی نییە، مەگەر لە شوێنێک گرفتێکی تەکنیکی هەبێت".

لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجەش بە هەمان شێوە هیچ گرفتێک لە پێدانی کارەبادا نەبووە. عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بەی راگەیاند: "نە پێش ئەو دوو رۆژە و نە لەم دوو رۆژەشدا هیچ کێشەیەکمان نەبووە و بەردەوام کارەبای 24 کاژێریی نیشتمانیمان هەیە؛ مەگەر گرفتێکی تەکنیکی رووبدات موەلیدە بخەینەکار، ئەگینا کارەبا بەردەوام هەیە و پێویست بە موەلیدە ناکات".

ئەم باشبوونەی دۆخی کارەبا دوای ئەوە دێت، رۆژی 16ی ئەیلوولی 2026 وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا بۆ هاوبەشانی کارەبا رایگەیاندبوو: "کۆمپانیای دانەگاز بڕی هەناردەی گازی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمکردووەتەوە، بەمەش بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 1000 مێگاوات کەمیکردووە".

بەڵام رۆژێک دوای ئەوە، وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکی نوێدا گوتی: "پڕۆسەی گواستنەوەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەرەو ئاساییبوونەوە چووە و 1400 مێگاوات کارەبا بۆ نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانی گەڕاوەتەوە و دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە".

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news