Skip to content
krd24.netkrd24.net

ئاگر لە کۆگایەکی سووتەمەنی لەسەر رێگەی هەولێر-کەرکووک کەوتەوە؛ زیانەکان بە نیو ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێن

ئاگر لە کۆگایەکی سووتەمەنی لەسەر رێگەی هەولێر-کەرکووک کەوتەوە؛ زیانەکان بە نیو ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێن

دیجیتاڵ

ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی هەڵگرتنی ماددەی تەنەر لەسەر رێگەی هەولێر-کەرکووک کەوتەوە و دوای زیاتر لە 10 کاژێر کۆنترۆڵکرا. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، زیانی ماددییەکە بە نیو ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت و هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.

ئاگرەکە کاژێر 10:00ـی شەوی چوارشەممە، 16-09-2026، لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە نزیک گوندی دۆڵەبەکرە لەسەر رێگەی هەولێر-کەرکووک کەوتەوە. تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە زیاتر لە 100 کارمەندەوە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەستپێکرد و کاژێر 08:00ـی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 17-09-2026، ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد.

دیدار ئەحمەد، خاوەنی کۆگاکە، بەی راگەیاند: "هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، ئەوە لە پێش هەموو شتێکە. تەنیا زیانی ماددی هەبووە."بە گوتەی ناوبراو، لە کۆی 9 تانکەری خەزان کە هەر یەکەیان 90 هەزار لیتر تەنەری تێدابووە، 8ـیان بەتەواوی سووتاون.

لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە ئاگرەکە لە کاتی خستنە نێو بارهەڵگرێکی 32 هەزار لیتریی ماددەی تەنەردا کەوتووەتەوە کە بڕیاربووە هەناردەی سووریا بکرێت.

موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بەی گوت: "کە سەرەتا ئاگرەکە بچووک بووە، ئەوانەی لێرەبوونە بەهۆی نەبوونی سیستمی ئاگرکوژێنەوە نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن و لە کۆنترۆڵیان دەرچووە."

 

 

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news