Skip to content
krd24.netkrd24.net

ئەنجوومەنی وەزیران دیاریکردنی پشکی 12.68٪ لە بەغداوە رەتدەکاتەوە

ئەنجوومەنی وەزیران دیاریکردنی پشکی 12.68٪ لە بەغداوە رەتدەکاتەوە

دیجیتاڵ

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر پابەندبوون بە ئەنجامی فەرمیی سەرژمێریی 2024 دەکاتەوە کە رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی 14.14% دیاری کردووە و داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پشک و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی 2027ـدا بە دادپەروەری جێگیر بکات.

رۆژی چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرژمێری و پشک و شایستە داراییەکان لە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بووە، ئەنجومەنی وەزیران بە تووندی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی باڵای دانیشتووانی عێراقی رەتکردەوە کە رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە 12.68% دیاری کردووە. ئەنجومەنەکە جەختی کردەوە، ئەنجامی فەرمی و پەسەندکراوی سەرژمێریی 2024 رێژەی 14.14%ـە و دەبێت کاری لەسەر بکرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتەکانی پلاندانان، داد و دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی راسپاردووە، هەموو رێکارە دەستووری و یاساییەکان بگرنەبەر بۆ راستکردنەوەی ئەو هەڵەیە، چونکە ئەم رێژەیە تەنیا پەیوەست نییە بە بودجەوە، بەڵکو کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نوێنەرایەتیی کورد لە دامەزراوە فیدراڵییەکان و دیپلۆماسیی عێراقیشدا هەیە.

سەبارەت بە بودجەی 2027، ئەنجومەنی وەزیران داوای کرد رەشنووسی بودجە لەسەر بنەمای دەستوور و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی شوباتی 2024 دابڕێژرێت. جەختیش کرایەوە کە ناکۆکییە نەوتی و داراییەکان نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ پەکخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەکارییەکانی ساڵی نوێی خوێندنی 2027-2026 تاوتوێ کرا. وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا راپۆرتی خۆیان پێشکەش کرد. ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کردەوە.

هەروەها بڕیار درا هەرێمی کوردستان بەشداری لە بەرنامەی نێودەوڵەتیی هەڵسەنگاندنی قوتابییان (PISA) بکات، بەمەبەستی ناسینەوەی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی سیستمی پەروەردە و بەرزکردنەوەی کوالێتی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.

یادکردنەوەی شەهیدانی سۆریا لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بە رێزەوە یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریا-ی کردەوە، کە لە ساڵی 1969 لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی کورد و کلدان تێیدا شەهید کران.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news