دیجیتاڵ
کێشەی نووسینى نۆ پیتی کوردی لە سیستەمی مامەڵە ئەلیکترۆنییەکانی حکومەتی فیدراڵی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەگەیێنرێتە وەزارەتی ناوخۆ و بڕیاری چارەسەرکردنی دەدرێت. ئەو نۆ پیتە لەبری کوردی، بە فۆنتی عەرەبی دەنووسران و مانا و نووسینی ناوەکەیان دەگۆڕی و کێشەیان بۆ هەندێک لە مامەڵە فەرمییەکان دروست دەکرد.
چوارشەممە 16ى ئەیلوولی 2026 پۆلا سیروان دێرەشەیی بە تۆڕی میدیاییی گوت: "دوێنێ (سێشەممە 15ى ئەیلوول) بریکاری پێشکەوتووی وەزارەتی ناوخۆ کە بەوەکالەت وەزیرە، داواکارییەکەی ئاراستەی بەشی یاسایی کردووە بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە."
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە پیتە کوردییەکانی (پ، چ، ژ، ڤ، گ، ڵ، ێ، ڕ،ڤ) بخرێنە نێو بەرنامە ئەلیکترۆنییەکانی کارتی نیشتمانی، پاسپۆرت و مامەڵەکانی دیکەى دەوڵەت، بەوپێیەی ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییانی کورد ئەو پیتانە لە ناوەکانیاندا بەکاردەهێنن.
پۆلا سیروان دێرەشەیی رایگەیاند، لە مامەڵە فەرمییەکاندا لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، ئەو پیتە کوردییانە نەبوون و دەکرانە هاوشێوەی پیتە عەرەبییەکان، بەوەش ماناى ناوەکان دەگۆڕدرا، هەروەها ئەو نووسراوانەی لە هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی دەکران و تێیاندا پیتە کوردییەکان بەکارهاتبوون، لە مامەڵەکانیان لە حکومەتی فیدراڵی کێشەیان بۆ دروست دەبوو، چونکە ئەو پیتانە نەبوون.
لە نووسراوەکەدا چەند نموونەیەک ئاماژەی پێکراوە کە گۆڕانکاری لە فۆنتەکانیان کراوە، لەوانە: "گەوهەر"دەکرێتە "کوهر"و "هەڵاڵە"بە "هلالە"دەنووسرێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا ئەو هەنگاوە و گۆڕانکاری و بەکارهێنانی ئەو پیتە کوردییانە، پشتی بە مادەی چواری دەستووری عێراق بەستووە.
مادەی چواری دەستوور ئاماژە بەوە دەکات، هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی زمانی فەرمیین، عێراقییەکان مافیان هەیە منداڵەکانیان بە زمانی دایک بخەنە بەر خوێندن.





