- دیجیتاڵ لە سنووری پارێزگای وان لە باکووری کوردستان، شوێنەوارناسان کێلی گۆڕی منداڵێکیان لە گۆڕستانی مێژوویی سەلجووقییەکاندا دۆزییەوە، کە مێژووەکەی بۆ 700 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و نەخشی یاریی کۆنی "چەوگان"ی لەسەر هەڵکۆڵراوە. کارەکانی گەڕان و پشکنین لە گۆڕستانی سەلجووقییەکانی شارۆچکەی وەستان لە پارێزگای وان، کە بە یەکێک لە گەورەترین گۆڕستانە ئیسلامییە مێژووییەکانی ناوچەکە دادەنرێت، لە ساڵی 2022ـەوە بە سەرپەرشتیی د. ئەرجان چالش، مامۆستای بەشی مێژووی هونەر لە زانکۆی یوزونجو ییلی وان بەردەوامە.
تیمەکە کێلی گۆڕی منداڵەکەیان بە 40 سانتیمەتر لەژێر زەویدا دۆزیوەتەوە. دوای پاککردنەوە و پشکنینی ورد، دەرکەوتووە نەخشی یاریی "چەوگان"(کە هاوشێوەی یاریی پۆلۆی سەردەمە) لەسەر کێلەکە نەخشێنراوە. ئەمە دووەمجارە نەخشی ئەم یارییە لەسەر کێلی گۆڕ لەو شوێنەوارەدا دەدۆزرێتەوە، کە هەردووکیان گۆڕی منداڵانن.
د. ئەرجان چالش، سەرپەرشتیاری تیمی پشکنینەکە رایگەیاند، چەوگان یارییەکی کۆنی سوارچاکییە و لە رابردوودا تەنیا کایە نەبووە، بەڵکو وەک رێگەیەک بۆ فێرکردنی لێهاتوویی جەنگاوەری و سوارچاکی بە منداڵان و نەوجەوانان بەکارهاتووە. سەرپەرشتیاری تیمەکە دەشڵێت: "دۆزینەوەی ئەم نەخشە لەسەر کێلی گۆڕی منداڵان دەریدەخات کە منداڵان لەو سەردەمەدا هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە بۆ بەدەستهێنانی رەوشتی جەنگاوەری و ئازایەتی پەروەردە کراون تاوەکو بۆ پێگە و پلە بەرزەکان ئامادە بکرێن."
گۆڕستانی مێژوویی سەلجووقییەکانی وەستان لە سنووری پارێزگای وان زیاتر لە 1,000 کێلی گۆڕی تێدایە. شوێنەوارەکە بەهۆی دەوڵەمەندیی بە نەخش و هێما مێژووییەکان، بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی لێکۆڵینەوە لە مێژووی هونەر و شێوازی ژیانی چەندین سەدە لەمەوبەری ناوچەکە دادەنرێت.




