Skip to content
krd24.netkrd24.net

دوای 10 ساڵ کارکردن لە پڕۆژەی گەشتیاریی دەروازەی کەلار دەستیپێکردەوە

دوای 10 ساڵ کارکردن لە پڕۆژەی گەشتیاریی دەروازەی کەلار دەستیپێکردەوە

  دیجیتاڵ 

پڕۆژەی کۆمەڵگەی گەشتیاریی دەروازەی کەلار، کە لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن تێیدا وەستابوو، جارێکی دیکە دەستیپێکردەوە و چاوەڕوان دەکرێت گەرمیان بکاتە وێستگەیەکی گرنگی گەشتیاری.

دەروازەی شاری کەلار سیماکەی دەگۆڕێت، پڕۆژەکە کەوتووەتە گەڕ و ئامانج لێی گۆڕینی سیمای شارەکە و راکێشانی گەشتیارە بۆ ناوچەکە.

مەریوان ساڵح، بەڵێندەری پڕۆژەکەیە، قسەی کرد و گوتی، "ئەم پڕۆژەیە بۆ گەرمیان زۆر گرنگە؛ دەمانەوێ دەروازەی شار بکەینە ناوەندێکی گەشتیاریی پێشکەوتوو کە ببێتە هۆی راکێشانی گەشتیار بۆ ناوچەکە و سیمایەکی جوان بە شارەکە ببەخشێت."

پڕۆژەکە لەسەر رووبەری چوار دۆنم زەوی دروستدەکرێت و 75%ـی رووبەرەکەی بۆ سەوزایی تەرخان کراوە. بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێک دینار جێبەجێ دەکرێت و بڕیارە لە ماوەی یەک ساڵدا تەواو بکرێت. کۆمەڵگەکە چەندین بەشی جیاواز لەخۆدەگرێت، وەک مۆتێل، کابینەی گەشتیاری، رێستۆرانت و خزمەتگوزاریی ئۆتۆمبێل.

هێرش فەیزوڵڵا، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری گەرمیان بەی گوت، "بۆ ئەم پڕۆژەیە چاومان لەوەیە گەشتیاری زیاتر لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بهێنینە گەرمیان و لە ناوچەکەمان بمێننەوە."

تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە لە ماوەی یەک ساڵدا، تەنیا سیمای دەروازەی کەلار ناگۆڕێت، بەڵکو دەبێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ حەوانەوەی ئەو گەشتیارانەی لە نێوان ناوەڕاستی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هاتووچۆ دەکەن. ئیدارەی گەرمیان چاوی لەوەیە لە رێگەی ئەم جۆرە پڕۆژە گەشتیارییانەوە، سەرچاوەی داهات و هەلی کار لە ناوچەکەدا زیاد بکات.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news