Skip to content
krd24.netkrd24.net

هاکان فیدان لە ئامەدەوە: دەکرێ شارەکە ببێتە ناوەندێکی گرنگی ئابووری و بازرگانی

هاکان فیدان لە ئامەدەوە: دەکرێ شارەکە ببێتە ناوەندێکی گرنگی ئابووری و بازرگانی

دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە شاری ئامەدی باکووری کوردستانەوە رایگەیاند، لە رابردوودا نکۆڵی لە ناسنامەی کورد کراوە، بەڵام ئەو قۆناخە لە سەردەمی ئاکپارتیدا تێپەڕی؛ ئاماژەی بە پێگەی شارەکەش کرد و رایگەیاند، دەکرێ سەقامگیری وا بکات ئامەد ببێتە ناوەندێکی گرنگی ئابووری و بازرگانی.

رۆژی هەینی، 11ـی ئەیلوولی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای رێکخستنەکانی ئاکپارتی لەگەڵ پارێزگاری ئامەد، بەرپرسانی دیکەی خۆجێیی، پەرلەمانتاران و رێکخستنەکانی حیزبەکەی و هاونیشتمانییان لە ئامەد کۆبووەوە.

دوای کۆبوونەوەکان، هاکان فیدان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا تیشکی خستە سەر پێگەی مێژوویی، کولتووری و ئابووریی ئامەد و باسی لەوە کرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، بایەخێکی تایبەت بە ئامەد دەدات و گوتی، شارەکە بە درێژایی مێژوو لانکەی شارستانییەتە گرنگەکان بووە. 

هاکان فیدان رایگەیاند، لە 25 ساڵی رابردوودا چاکسازیی گرنگ لە تورکیادا کراون و ئەو سیاسەتانەی لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کورد دامەزرابوون، نەهێڵدران.

سەبارەت بە خوێندن بە زمانی کوردیش، هاکان فیدان گوتی، لە ساڵی 2013ـەوە هەنگاوی گرنگ لەم چوارچێوەیەدا نراون.

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئامەد خاوەنی توانایەکی ئابووریی گرنگە و بەهێزبوونی سەقامگیری لە ناوچەکەدا وا دەکات توانای ئابووریی شارەکە زیاتر بێت؛ ئاماژەی بە بەنداو و پڕۆژەکانی ئاودێریش لە پارێزگاکەی باکووری کوردستان کرد و رایگەیاند، بە تەواوبوونی وەبەرهێنانەکان لە ژێرخاندا بەرهەمی کشتوکاڵی و داهات زیاد دەکات؛ گوتیشی، "ئەمە نەوەک تەنیا سوودی بۆ ئابووریی ناوچەکە دەبێت، بەڵکو بۆ ئاسایشی خۆراکی تورکیاش گرنگ دەبێت."

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد، پێویستە کێشەکان لە رێگەی دیالۆگەوەچارەسەر بکرێن و گوتی، دەبێت ئەو "تێگەیشتنی برایەتی"یەی لەژێر سەرکردایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغاندا خراوەتەڕوو بەهێزتر بکرێ و گوتی: "ئەگەر کێشەیەک هەبێت، وەک هەموو جیهان، پێویستە بە دیالۆگ چارەسەر بکرێ، نەوەک بە تووندوتیژی." 

سەبارەت بە پێشهاتە هەرێمییەکان، هاکان فیدان رایگەیاند، بەهێزبوونی سەقامگیری و ئارامی لە عێراق و سووریا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بازرگانی و وەبەرهێنانی ناوچەکە دەبێت. 

ئەم سەردانەی شاندە باڵاکەی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە کاتێکدایە، رۆژی 28ـی ئابی 2026 ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئاکپارتی بڕیاری دا لەژێر ناوی "دیدارەکانی سەدەی تورکیا"دەست بە چالاکیی مەیدانی بکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ هاووڵاتییاندا تاوتوێی پرۆسەی چارەسەری بکات. ئامانج لەم چالاکییانە بەدەستهێنانی پشتیوانی جەماوەرە بۆ پرۆسەی چارەسەری. 

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news