Skip to content
krd24.netkrd24.net

پرۆگرامێک بۆ گەڕانەوەى 410 خێزانى ئاوارەى شنگال جێبەجێ دەکرێت

پرۆگرامێک بۆ گەڕانەوەى 410 خێزانى ئاوارەى شنگال جێبەجێ دەکرێت

دیجیتاڵ

بەهاوکارى رێکخراوى نێودەوڵەتى کۆچ، پرۆگرامێک بۆ گەڕانەوەى 410 خێزانى ئاوارەى شنگال لە کەمپەکانى دهۆک دەستپێدەکات و بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە یەکەم کاروانیان بگەڕێنەوە.

هەینى 11ى ئەیلوولى 2026، پیر دەیان کۆچۆ، بەڕێوەبەرى کۆچ و کۆچبەرانى دهۆک بە تۆڕى میدیاییى راگەیاند، بەهاوکارى رێکخراوى نێودەوڵەتى کۆچ، دەست بە جێبەجێکردنى پرۆگرامێک کراوە بۆ گەڕانەوەى خۆویستانەى ئاوارەکانى شنگال کە لە کەمپەکانى سنوورى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆن، کە لە ئەم مانگە دەستپێدەکات بۆ مانگى حوزەیرانى 2027.

 پرۆگرامەکە ئەو ئاوارانەى قەزاى شنگال دەگرێتەوە کە لە 15 کەمپى سنوورى پارێزگاى دهۆکن، بەگوێرەى ئامارى نووسینگەى کۆچ و کۆچبەرانى  شارەکە زیاتر لە 270 هەزار ئاوارەى شنگال لەناو کەمپەکان و دەرەوەین.

بەڕێوەبەرى کۆچ و کۆچبەرانى دهۆک رایگەیاند کە ئەو بەرنامەیە بۆ گەڕانەوەى 410 خێزانى ئاوارەیە و رێکخراوى نێودەوڵەتى کۆچ بۆ گەڕانەوەى هەر خێزانێک یەک ملیۆن و 50 هەزار دیناریان دەداتێ و ئۆتۆمبێلی گەڕانەوەشیان بۆ دابین دەکات.

بەگوێرەى زانیارییەکانى، بڕیارە یەکەم کاروانى گەڕانەوەى ئەو ئاوارانە کە ئەو پرۆگرامە دەیانگرێتەوە، لە 24ى ئەیلوول بگەڕێنەوە.

بۆ هاندانی گەڕانەوەی ئاوارەکان، بڕیارى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق وایە کە چوار ملیۆن دینار، بداتە هەر خێزانێک، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە لە مانگی تشرینی دووەمی 2025ـەوە ئەو پارەیە خەرج نەکراوە.

عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیاییى رایگەیاند، پێشتر خواست بۆ گەڕانەوەى خۆویستانە لە کەمپەکان کەم بووە و وەزارەتەکەیان هەڵمەتێکى هاندانی بۆ گەڕانەوە لە کەمپەکان ئەنجامداوە و لەدواى گەڕانەوەیان و هەرکات بودجەیان لەبەردەست بووە، ئەو چوار ملیۆن دینارەیان پێ دەدەن کە وەک هاوکارى بڕیارى پێدانیان دراوە.

لەو 270 هەزار ئاوارەى شنگال کە لە کەمپەکانن، 110 هەزاریان لەناو کەمپەکانن و ئەوانى دیکە لە دەرەوەى کەمپەکان دەژین.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news