Skip to content
krd24.netkrd24.net

هاوژینەکەت تەندروست بێت، ئاسانتر شێوازی ژیانی تەندروست پەیڕەو دەکەیت

هاوژینەکەت تەندروست بێت، ئاسانتر شێوازی ژیانی تەندروست پەیڕەو دەکەیت

- تەندروستی

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، خەوی خراپ نەک تەنیا کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی خۆراکی تاکەکەس هەیە، بەڵکو کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی هاوبەشەکەشی دادەنێت. زانکۆی کۆنکۆردیا لە کەنەدا، توێژینەوەیەکی لەبارەی کاریگەریی خەوی خراپ لەسەر کواڵیتیی خۆراکی هاوژینەکان کردووە و بۆی دەرکەوتووە، ئەو هاوژینانەی پێکەوە دەخەون و زۆرجار پێکەوە نان دەخۆن، هەڵبژاردنی خۆراکی ناتەندروستی یەکێکیان دەتوانێت کاریگەریی زنجیرەیی لەسەر خووە خۆراکییەکانی ئەوی دیکەیان هەبێت.

 پرۆفیسۆر د.جان-فیلیپ گوین، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "ئەو کەسانەی لە توێژینەوەکەماندا هاوبەشێکی بێخەویان هەبوو، دەیانگوت متمانەیان بە توانای خۆیان کەمترە بۆ پەیڕەوکردنی خۆراکی تەندروست، بۆیە هەوڵی کەمتر دەدەن بۆ ئەنجامدانی. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە هاوبەشە بێخەوەکە زیاتر بەرکەوتەیان لەگەڵ خۆراکی بەتام و پڕ کالۆریدا دەبێت، وەک کێک، چپس، شوکولاتە یان شیرینی."

خەوی خراپ پەیوەستە بە کەمبوونەوەی توانای پابەندبوون بە ئامانجەکانی خۆراکی تەندروست. ئەو کەسانەی خەویان خراپ بوو، باسیان لەوە کرد کە هەوڵی کەمتر دەدەن بۆ خواردنی باش و هەست بە متمانەی کەمتر دەکەن لە توانای خۆیان بۆ پاراستنی خووە خۆراکییە تەندروستەکان. هاوبەشەکانیشیان کە خەویان باش بوو، باسیان لە کاریگەریی هاوشێوە کرد.

توێژەرانی زانکۆ کەندییەکە دەڵێن:"ئەگەر دەمانەوێت گۆڕانکاریی درێژخایەن بکەین، پێویستە هەردوو هاوبەش پێکەوە کاربکەن بۆ گۆڕینی ژینگەی ماڵ و خۆراک، بۆ ئەوەی پاراستنی خووە تەندروستەکان بە تێپەڕبوونی کات ئاسانتر بێت."

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news