دیجیتاڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەڵێ، پاریس کار لەسەر پڕۆژەیەکی هێڵی بۆریی نەوت دەکات لە عێراقەوە بە خاکی ئوردندا بە مەبەستی گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراق بەرەو بازاڕەکانی ئەورووپا. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی چڕکردنەوەی هەوڵەکاندایە بۆ دۆزینەوەی رێڕەوی جێگرەوەی وزە لە دەرەوەی تەنگەی هورمز و کەمکردنەوەی پشتبەستن بەو تەنگە ستراتیژییە. رۆژی هەینی، 18ی ئەیلوولی 2026، ماکرۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پاریس رایگەیاند، زیادبوونی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە نرخی وزە لەسەر ئاستی جیهان؛ ئاماژەی بەوەش کرد، فەرەنسا رۆڵی لە تێکچوونی دۆخەکە لە تەنگەی هورمز نەبووە، بەڵکو هاوکار بووە لە پاراستنی کەشتییەکان و ئێستاش داوای چارەسەری ئاشتییانە دەکات بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی کەشتیوانی.
ماکرۆن ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنی لەنێوان واشنتن و تاران بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بەدوور نەزانی.
سەرۆکی فەرەنسا عێراقی بە یەکێک لە دیارترین سەرچاوە دیارەکانی وزە بۆ ئەورووپا ناوبرد و رایگەیاند، بە بۆری و لە خاکی ئوردنەوە هەوڵی گەیاندنی نەوتی ئەو وڵاتە بە ئەورووپا دەدەن.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە. لە 2ی ئاداریشەوە، تاران وەک ستراتیژێکی جەنگەکە تەنگەی هورمزی داخست. رۆژی دەستپێکی جەنگەکە بەرمیلێک نەوت بە 72.5 دۆلار بوو، بەڵام دواتر گەیشتە 120 دۆلار. ئێستاش بەرمیلێک نەوت بە نزیکەی 105 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی دەریایی، پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بەو تەنگەیەدا هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا، لەو کاتەوە بە تێکڕا کەمتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ هەر رۆژێک هەناردەکراوە.
گوتەکانی سەرۆکی فەرەنسا سەبارەت بە نەوتی عێراق لە کاتێکدان، رۆژی 13ی ئەیلوولی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی فەرەنسای کرد و لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکە کۆبووەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێک چووە وڵاتە ژمارەیەک رێککەوتنی بازرگانی و وزە کران.
فەڕەنسا وڵاتانی گرووپی حەوت لەسەر نرخی سوتەمەنی کۆدەکاتەوە لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرۆکی فەرەنسا گوتی، وڵاتەکەی لە هەفتەکانی داهاتوودا میوانداریی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی وڵاتانی گرووپی حەوت لەسەر پرسی وزە دەکات، ئەوەش هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە.
ماکرۆن رایگەیاند: "لە هەفتەکانی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی گرووپی حەوت تەرخانکراو بە پرسی وزە ئەنجام دەدەین، چ بۆ بەهێزکردنی هاریکارییەکان و چ بۆ رێگریکردن لە گرژییە ناپێویستەکان لە نێوان وڵاتانی گرووپی حەوت و هاوبەشە سەرەکییەکانمان"؛ هەروەها گوتیشی، ئەو لووتکەیە دەرفەتێک دەبێت بۆ تاوتوێکردنی بژاردەکانی بەکارهێنان و خستنەگەڕی یەدەگە ستراتیژییەکانی نەوت.
ئەم پێشنیازەی ماکرۆن لە کاتێکدایە، لەم مانگەدا نرخی نەوتی خاو نزیکەی 20٪ بەرزبووەتەوە، بەهۆی بەردەوامیی گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران و ناچاربوونی سعودیە بە داخستنی هێڵێکی سەرەکیی بۆریی نەوت دوای هێرشەکانی حووسییەکان.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی بەهاری داهاتووی فەرەنسا کە ماکرۆن بەهۆی تەواوبوونی دوو خولەکەی ناتوانێت خۆی بەربژێر بکاتەوە، ناڕەزایەتییەکان لەسەر گرانیی بژێوی ژیان لە فەرەنسا زیادیان کردووە.
ماکرۆن روونیکردەوە کە بەرزبوونەوەی نرخ بەهۆی بڕیارەکانی حکومەتەوە نییە، بەڵکو ئەنجامی دۆخی جیۆپۆلەتیکییە و راشیگەیاند، رێکارەکانی پاڵپشتیی حکومەت پێداچوونەوە و دەستکارییان تێدا دەکرێ بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتییان، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد: "پێش ئەوەی پارەیەکی زۆری باجدەران خەرج بکەین کە دواجار دەبێتەهۆی کورتهێنانی زیاتر یان زیادبوونی باج، دەبێت سەرنجمان لەسەر چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان بێت."




