Skip to content
krd24.netkrd24.net

نرخی چیمەنتۆ و کەرەستەی بیناسازی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە

نرخی چیمەنتۆ و کەرەستەی بیناسازی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە

دیجیتاڵ

نرخی چیمەنتۆ و کەرەستەکانی دیکەی بیناسازی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش بووەتە هۆی راوەستانی کار لە بەشێک لە پرۆژەکانی بیناسازی و نیگەرانیی فرۆشیاران و هاونیشتمانیانی لێکەوتووەتەوە.

لە ماوەی تەنیا هەفتەیەکدا، نرخی یەک تۆن چیمەنتۆ لە 55 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 85 دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەمەش وایکردووە نزیکەی 30 دۆلار بچێتە سەر نرخی هەر تۆنێک.

غازی ئەکرەم، کە فرۆشیاری چیمەنتۆیە، بەی راگەیاند، "پێشتر هاونیشتمانییەک بۆ دروستکردنی خانوویەک 10 تۆن چیمەنتۆی بە 5 وەرەقە (500 دۆلار) دەکڕی، بەڵام ئێستا هەمان بڕ بە 10 وەرەقە (1000 دۆلار)ە، واتە نرخەکەی دوو هێندە بووە."

هۆکاری سەرەکیی ئەم گرانبوونە بۆ بڕیارێکی حکومەتی عێراق دەگەڕێتەوە، کە نرخی بەرمیلێک نەوتی رەشی بۆ کارگەکان لە 150 هەزار دینارەوە بۆ 500 هەزار دینار بەرزکردووەتەوە. ئەمەش تێچووی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆی گەیاندووەتە بەرزترین ئاست.

بەرزبوونەوەی نرخی چیمەنتۆ کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخی بلۆکیش هەبووە. هێرش تاهیر، خاوەن کارگەیەکی بلۆک، دەڵێت، "خانوویەکی 125 مەتری کە 6 هەزار بلۆکی دەوێت، پێشتر تێچووی بلۆکەکەی ملیۆنێک و 800 هەزار دینار بوو، بەڵام ئەمڕۆ گەیشتووەتە 3 ملیۆن و 400 هەزار دینار."

هاوکات، نرخی کۆنکریتیش بەرزبووەتەوە و نرخی یەک مەتر سێجا لە 35 دۆلارەوە گەیشتووەتە 47 دۆلار. محەممەد هیمداد، سەرپەرشتیاری کارگەیەکی کۆنکریت، دەڵێت، "ماوەی هەفتەیەکە کارگەمان راگرتووە، چونکە نرخەکان لەسەر خەڵک زۆر گران بوون و بەشێک لە پرۆژەکانیش وەستاون."

جگە لە چیمەنتۆ، نرخی شیش، قوم و چەویش بەرزبووەتەوە و نرخی یەک تۆن شیش گەیشتووەتە 550 دۆلار. ئەم گرانبوونە لە نرخی کەرەستەی بیناسازیدا کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تەواوی کەرتی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news