Skip to content
krd24.netkrd24.net

بەشێک لە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دوو مووچە وەردەگرن

بەشێک لە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دوو مووچە وەردەگرن

دیجیتاڵ

بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ خانەنشینانی سەربازی و شارستانی مووچەی مانگی ئاب وەردەگرن، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت، ئەوانەی بەهۆی مامەڵەکانیانەوە چەند مووچەیەکیان وەرنەگرتووە ئەم مانگە دوو مووچە پێکەوە وەردەگرن.

سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 15-09-2026 بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند، "ئەمڕۆ بەشێکی ئەوانەی چەند مووچەیەکیان وەرنەگرتووە دوو مووچەیان پێکەوە وەرگرت، بەڵێنێک دراوە لەمەودوا هەموو مانگێک دوو مووچە پێکەوە وەبگرن تاوەکو مووچە کەڵەکەبووەکان تەواو دەبن".

گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان گوتی: "هەر فەرمانبەرێک ئەم ساڵ خانەنشین بووبێت، بەهۆی دواکەوتنی مامەڵەکەیەوە چوار بۆ پێنج مانگ مووچەی پێنەدراوە، بەڵام پێکەوە هەموو مووچەکانیان پێنادرێت".

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دوێنێ 14ی ئەیلوول رایگەیاند: "هاوشێوەی چەند مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاب لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە؛ ئەوە سەرەڕای ئەوەی بڕی 6 ملیار و 30 ملیۆن و 166 هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی ئاب نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی".

گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان گوتی: "بەگوێرەی یاسا، کاتێک کەسێک خانەنشین دەبێت و بەهۆی مامەڵەکەیەوە وەرگرتنی مووچەی دوادەکەوێت، دەبێت کە مووچەی بۆ بەسترا ئیدی هەموو مووچەکان پێکەوە وەربگرێت. ئەم خاڵە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە و ئەوانەی مووچەشیان بۆ بەستراوە، مووچەی چوار بۆ پێنج مانگیان راگیراوە".

سادق شێخ عوسمان ئاماژەی بەوە کرد: "هەندێک خانەنشین هەن هەر بەهۆی رۆتینی مامەڵەکانیانەوە بە درێژایی ئەم ساڵ هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە و پێشیان نەگوتراوە کەی کێشەکەیان چارەسەر دەکرێت".

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 170 هەزار خانەنشینی شارستانی و زیاتر لە 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news